سوپای پاسداران: بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین کرانە ئامانج

سوپای پاسداران رایگەیاند، لە کوەیت و بەحرەین کۆگای لۆجستی و تاوەری چاودێری هێزەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆریان پێگەیاندوون. 

سوپای پاسداران ئەمڕۆ هەینی 24ـی تەممووزی 2026، راگەیەندراوێکی لە بارەی 27ـەمین شەپۆلی نەسری دوو بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ کۆگای لۆجستی هێزەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین گورزێکی کاریگەریان وەشاندووە. 

ئاماژەیداوە، لە کوەیت سێ کۆگای لۆجستی و پێداویستییە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە بنکەی عودەیری لە ئاگرهەڵکێشاوە و لە بەحرەینیش تاوەری پێنجەمی چاودێری دەریایی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆریان پێگەیاندووە.

هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر کوەیت و بەحرەین لە کاتێکدایە، کە سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی بە خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە داوە و رایگەیاندووە، بۆ ئەو وڵاتانەی بنکەی سوپای ئەمریکایان تێدایە لە ناوچەکە، دەبێت لانیکە 500 مەتر لە بنکە و شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات ئەمجارە هێرشەکانی جۆری و کاریگەرتر دەبێت.