یەکێتیی ئەوروپا 6 کەسایەتیی ئێرانی سزا دا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتییەکە کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئەو دادوەرە ئێرانییانەدا سەپاندووە کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، هاوکات لە وەڵامی توندی رەخنەکانی ئەمریکادا بەرگری لە یاساکانی کاری ئەوروپا و پێگەی ئەوان دەکاتەوە.

هەینی 24ـی تەممووزی 2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: سەرەڕای سەرنجی جیهان لەسەر جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نابێت سەرکوتکارییەکانی ئێران دژی هاووڵاتییانی خۆی فەرامۆش بکرێت.

کایا کالاس ئاشکرای کرد، یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئەو دادوەرە ئێرانییانەدا سەپاندووە کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش چەوساندنەوەی نەیارانی سیاسی و کەمینە ئایینییەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەدا. هەروەها سزای بەسەر یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی گرووپێکی کایەی دیجیتاڵیدا سەپاندووە کە هاوکاریی تارانی کردووە لە سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکاندا.

هاوکات بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا، لە چوارچێوەی هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی یەکێتییەکەدا، بڕیاردرا سزا بەسەر شەش کەسایەتیی دیکەی ئێرانییدا بسەپێنرێت کە تێوەگلاون لە پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لیستە نوێیەکە پێنج دادوەری دادگاکانی ئێران لەخۆدەگرێت کە سەرپەرشتی دادگاییکردنی کەمینە ئایینییەکان و نەیارانی سیاسییان کردووە، لە نێویاندا دادگاییکردنی نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. ئەم دادوەرانە بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانی، سزای لەسێدارەدان، زیندانیکردنی درێژخایەن، قامچی لێدان، و سزای مادی توندیان بە سەر خۆپیشاندانەکانی ناوخۆ سەپاندووە.

لە راگەیەندراوکەدا هاتووە، جگە لە دادوەرەکان، یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر نیما ساڵحی، هاکەر و ئەندازیاری کۆمپیوتەری ئێرانی و دامەزرێنەری گرووپی سایبەریی ئاشیانەدا سەپاندووە. ئەم کۆمەڵەیە هاوکاریی نزیکی پۆلیسی سایبەریی ئێران (فەتا) و سوپای پاسداران دەکات و بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی هێرشی قورسی سایبەری بۆ سەر نەیارانی ناوخۆیی، ریفۆرمخوازان و دامەزراوە بیانییەکان لە پێناو هاوکاریکردنی دەسەڵات لە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆندا.

بەپێی بڕیارە نوێیەکە، سزا نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئێستا تێکڕا 269 کەسایەتی و 53 دامەزراوەی ئێرانی دەگرێتەوە. سزا کاتییەکان بریتین لە بلۆکەکردنی سەرمایە و داراییەکانیان لە ئەوروپا، قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، هاوشانی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی هەر جۆرە کەرەستەیەکی پێوەندیدار بە چاودێریکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنی و دیجیتاڵییەکان یان هەر ئامرازێکی تر کە بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی بەکاربهێنرێت. ئەم سزایانە پێشتر لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێکردووە و لەم دواییانەشدا تاوەکو نیسانی ساڵی 2027 درێژکراوەتەوە.