ئیسرائیل هەڕەشەی گورزێکی وێرانکەر لە ئێران دەکات
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی وەشاندنی گورزێکی یەکلاکەرەوەی لە ئێران کرد لە ئەگەرێکدا ئەگەر تاران بڕیاری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بدات.
پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە بۆ هەموو سیناریۆیەکی ئەگەری ئامادەین، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا گورزێکی وێرانکەری بەردەکەوێت."
ئەم لێدوانانەی کاتز لە کاتێکدایە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، حکوومەتی ئیسرائیل هەوڵ دەدات رەزامەندی و گڵۆپی سەوز لە ئەمریکا وەربگرێت بۆ دەستپێکردنی هێرش دژی ئێران، هاوکات سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هێشتا چەندین ئامانجی گرنگ لە لیستی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدان کە هێرشیان نەکراوەتە سەر، لەوانەش بنکە و وێستگەکانی وزە.
هاوکات بڕیارە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی نائاسایی ئەنجام بدات و رۆژی یەکشەممەی داهاتووش لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کاروباری ئەمنی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران.
هەر بەپێی سەرچاوەکان، رێنماییەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران وەک خۆیان نەماون، کە پێشتر داوای دەکرد ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ئێران دووربکەوێتەوە مەگەر ئەوەی تاران دەسپێشخەری بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی سەربازی و هەواڵگرییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەریی ئێران گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنات)، پڕۆژەبڕیارێکی رەت کردەوە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی "جەنگ ئێران".
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، پڕۆژەکە لە لایەن دیموکراتەکانەوە پێشکەش کرابوو، بە پێی پرۆژەکە ترەمپ ناچار دەبوو بۆ بڕیاری جەنگ بگەڕێتەوە بۆ سێنات.
ئاژانسەکە ئەوەشی راگەیاند، پرۆژەکە بە 49 دەنگی نەخێر و 47 دەنگی بەڵێ رەت کرایەوە.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی پیران لە کاتێکدایە، پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کردبوو، کە تێیدا داوای لە ترامپ دەکرد هێزەکانی ئەمریکا لە کارە شەڕکەرەکان لەگەڵ ئێران بکشێنێتەوە؛ ئەمەش وەک دووەم هەنگاوی لەو شێوەیە ئەژمار دەکرا کە گوزارشتی لە توندبوونی ناڕەزایەتییەکانی ناو کۆنگرێس دەکرد دژی ئەو جەنگەی کە ماوەی نزیکەی پێنج مانگە لە نێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامە.
ئەنجوومەنی نوێنەران لە 3ـی حوزەیرانی رابردوودا، بڕیارێکی پێشووتری سەبارەت بەو جەنگەی بە زۆرینەی 215 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 208 دەنگی نەخێر پەسەند کردبوو، کە یەکەم دەنگدانی سەرکەوتووی ئەو ئەنجوومەنە بوو بۆ سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران.