پاکستان.. لە هێرشێکی خۆکوژیدا 15 سەرباز کوژران

سوپای پاکستان رایگەیاند کە بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر بنکەیەکی ئەمنی لە پارێزگای "خەیبەر پختونخوا" لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، لانی کەم 15 کەس کە سەرباز و پۆلیسن کوژراون، هاوکات هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 12 چەکداری هێرشبەر بکوژن.

هەینی 24ـی تەممووزی 2026، سوپای پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، چەکداران بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پشکنینی ئەمنی لە ناوچەی تانک لە پارێزگای سنووریی خەیبەر پختونخوا.

سوپا روونیکردەوە، ئۆتۆمبێلەکە خۆی بە دیواری دەرەوەی بنکە ئەمنییەکەدا کێشاوە، کە بەهۆی تەقینەوەکەوە بەشێکی زۆری بینای بنکەکە بە تەواوی وێران بووە. لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، 15 کەس کوژراون کە پێکهاتوون لە 12 سەربازی سوپا، 2 کارمەندی پۆلیس، و فەرمانبەرێکی فەرمانگەی دارستانەکانی سەر بە حکوومەت.

هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەدا توانیویانە 12 چەکداری هێرشبەر بکوژن. هەرچەندە تا ئێستا هیچ گرووپێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام ئەم ناوچەیە بەردەوام رووبەڕووی هێرشی توندی چەکدارانی سەر بە گرووپی توندڕەوی "تەحریکی تالیبانی پاکستان" (TTP) دەبێتەوە.

حکوومەتی پاکستان پێشتر هۆکاری زیادبوونی هێرشە چەکدارییەکانی لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا و بەلوچستان بۆ چەکدارانی سەر بە خاکی ئەفغانستان گەڕاندووەتەوە، هەرچەندە حکوومەتی تالیبان لە کابول بە توندی ئەم تۆمەتانەی رەت کردووەتەوە.

ئەم ناکۆکییە مێژووییە بووەتە هۆی ئاڵۆزییەکی قورسی سنووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بە شێوەیەک کە سوپای پاکستان چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی چەکداران لە خاکی ئەفغانستان ئەنجامداوە، کە بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە دەیان هاووڵاتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستاندا کوژراون.