قالیباف: هەماهەنگیی نێوان ئێران و عێراق کلیلی چارەکردنی کێشەکانی ناوچەکەیە
"ئیسرائیل دوژمنی وڵاتانی ئیسلامییە"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل دوژمنی یەکەمی وڵاتانی ئیسلامییە و هاوکاریی نێوان تاران و بەغدا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە رووبەڕووبوونەوەی تەلئەڤیڤ و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنێ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026 لە تاران کۆبوونەوە، هەردوولا چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە دۆخی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)، بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا قالیباف ئاماژەی بە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان تاران و بەغدا کرد و رایگەیاند: "هاوکاریی نێوان ئێران و عێراق لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامیدا یەکجار کاریگەرە و پێکەوە دەتوانین زۆرێک لە کێشەکانی ناوچەکە چارە بکەین."
لە لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سڵاوی گەل و حکوومەتەکەی گەیاندە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەلی ئەم وڵاتە و، جەختی کردەوە کە تەنیا دراوسێیەتی هەردوو وڵات کۆناکاتەوە، بەڵکو خاوەن هاوبەشی و چارەنووسێکی هاوبەشن.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، دوێنێ شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە تاران.
زەیدی لە دەستپێکی کارنامەی سەردانەکەیدا، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەکەدا، پەڕەیەکی نوێیان لە پەیوەندییەکانی نێوانیان هەڵدایەوە و چەندین رێککەوتنامەی ستراتیژییان لە بوارەکانی پەرەپێدانی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا واژۆ کرد.