عومان دەستپێشخەرییەکی نوێ دەخاتە بەردەم بەرپرسانی ئێران
مەسقەت و تاران، گفتوگۆ لەسەر رێکخستنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا عومان پێشنیازی رێککەوتننامەیەکی بۆ رێکخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی گەرووەکە خستووەتەڕوو.
هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، شاندێکی دیپلۆماسیی عومان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، گەیشتە تاران.
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، کە عومان پێشنیازی بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریاوانی لە رێگەی دوو رێڕەوی جیاوازەوە کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا عومان پێشنیازی رێککەوتننامەیەکی بۆ رێکخستنی رێڕەوە ئاوییەکانی گەرووەکە خستووەتەڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عومان پشتڕاستی کردەوە، مەسقەت و تاران رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا، بە شێوەیەک کە هاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە گەرووی هورمز، کە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕە جیهانییەکاندا، ئەمەش فشارێکی دارایی زۆری خستووەتە سەر بەکارهێنەرانی ئەمریکی.