هێرشکرایە سەر کەشتییەکی هیندی لە ئاوەکانی ئێران
باڵیۆزخانەی هیندستان لە تاران رایگەیاند، کەشتییەکی گواستنەوەی گاز کە ئاڵای مۆزەمبیقی پێوەبووە، لە ناو ئاوەکانی ئێراندا رووبەڕووی هێرش بووەتەوە، کە 28 دەریاوانی هیندی لەسەر بووە.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، باڵیۆزخانەی هیندستان لە تاران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتیی (دیشا) کە تایبەتە بە گواستنەوەی گازی شل (LPG)، سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانییان پێنەگەیشتووە، هەروەها جەختی کردەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان بۆ چاودێریکردنی وردی بارودۆخەکە و گرتنەبەری رێکاری پێویست.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، رۆژی 16ـی تەممووز، حکوومەتی هیندستان رێنمایی دایە خاوەن کەشتی و ئاژانسەکانی کارکردن، کە ناردنی دەریاوانانی هیندی بۆ ناو ئەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن رابگرن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ تێکچوونی باری ئەمنی و زیادبوونی مەترسییەکان لەو ناوچەیەدا.
پێشتریش لە 14ـی تەممووزدا، هێرشکرایە سەر دوو کەشتیی بارهەڵگری ئیماراتی لە گەرووی هورمز لە نزیک سوڵتانییەتی عومان، کە بەهۆیەوە دەریاوانێکی هیندی گیانی لەدەست دا و شەش دەریاوانی دیکەی هەمان وڵات بریندار بوون، دوای ئەو رووداوە، نیودەلهی جێگری باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی توندی ناڕەزایەتی رادەست کرد.
هیندستان بە سێیەم گەورەترین دابینکاری دەریاوان لە جیهاندا دادەنرێت؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 300 هەزار دەریاوانی هیندی لەناو کەشتیگەلە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا سەرقاڵی کارکردنن.