رۆیتەرز: بەندەری حودەیدەی یەمەن بۆردوومان کرا
بەندەری حودەیدەی یەمەن و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی حووسییەکان رووبەڕووی زنجیرەیەک بۆردومانی قورسی ئاسمانی بوونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی گواستنەوەی سعوودیە رایگەیاند کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەیان بە ناوی "NCC MASA" لە دەریای سووردا کراوەتە ئامانج.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، بەپێی گەواهیی شایەتحاڵەکان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز و لێدوانی سەرچاوەیەکی یەمەنی بۆ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، دەنگی چوار تەقینەوەی بەهێز لە بەندەری حودەیدە بیستراوە.
هاوکات، ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە پشتڕاستی کردەوە، سەنگەر و پێگەکانی حووسییەکان کراونەتە ئامانج، ئەمەش پاش ئەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتنە لوتکە کاتێک حووسییەکان رایانگەیاند گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیەدا دەسەپێنن و کەشتییەکانی دەکەنە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، کەناڵەکانی عەرەبییە و حەدەس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویانکردەوە کە سەرنجی هێرشە ئاسمانییەکان لەسەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی حووسییەکان بووە لە شاری حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن، لە کاتێکدا تەلەڤزیۆنی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان بڵاویکردەوە کە "دەستدرێژییەکی سعوودیە" پارێزگای حودەیدەی کردووەتە ئامانج؛ ئاماژەشی داوە "هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە دەزگاکانی سەر بە دەستەی پەیوەندییەکانی کردووەتە ئامانج،" و هێرشەکان دوورگەی کەمەرانیشیان گرتووەتەوە
ئەم ئاڵۆزییانەی دوای ئەوە دێت کە دەستەی گواستنەوەی سعوودیە رایگەیاند کەشتییەکی هێڵی ئاویی شانشینەکە بە ناوی "NCC MASA" لە کاتی تێپەڕبوونی بە ناو ئاوەکانی دەریای سووردا لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە کراوەتە ئامانج.
ئاماژەشی دابوو، هێرشەکە زیانێکی کەمی بە بەشی دەرەوەی جەستەی کەشتییەکە گەیاندووە و پاش دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی سەرجەم تیمی کەشتیوانییەکە بەردەوام بووە لە گەشتەکەی. دەستەی گواستنەوەی سعوودیە بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و وەک پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی ناوبرد.