ترەمپ: ئێران هێشتا بۆ واژۆکردنی رێککەوتن ئامادە نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران هێشتا ئامادە نییە بۆ واژۆکردنی رێککەوتن، ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت چاوەڕێ بکەن تاوەکو دەردەکەوێت ئەنجامی گفتوگۆکان بە چی دەگات.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی گوتارێکیدا گوتی: "لە ئێستادا لەگەڵ ئێرانییەکان لە گفتوگۆداین و پێم وایە ئەوان جدیتر بوون، رەنگە نەگەینە خاڵێک کە پێویست بە ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بکات." لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا و رایگەیاند، بۆ لێدانە گەورەکە دژی ئێران ئامادەن و دەبێت ئێرانییەکان بابەتەکە بە جدیتر وەربگرن."
سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە، هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی فراوان دژی تاران نەدراوە، بەڵام گوتی: "دوو بژاردەمان لەبەردەمدایە؛ یان بەردەوامبوون لە هێرشەکان و لەناوبردنی تواناکانیان، یان گەیشتن بە رێککەوتن."
ترەمپ باسی لەوەش کرد، ئێستا ئێران هێزی دەریایی، وێستگەی رادار و بەرگریی ئاسمانیی ئەوتۆی نەماوە و گوتی: "رەنگە ئێران خۆی رادەست بکات یان لە ناو دامەزراوە قووڵەکانی ژێر زەویدا خۆی بشارێتەوە."
ئەم ئاڵۆزییانەی نێوان واشنتن و تاران پێی ناوەتە هەفتەی دووەم، دوای ئەوەی ترەمپ لە 8ـی تەممووزدا کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستەی راگەیاند کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی 18ـی حوزەیرانی رابردوودا هاتبوو.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، ئێران 3 کەشتیی بازرگانی لە گەرووی هورمز کردە ئامانج، تاران پێداگیرە لەسەر چەسپاندنی میکانیزمێک بۆ رێکخستنی هاتووچۆی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا، لە بەرامبەردا واشنتن داوای گەرەنتیی ئازادیی دەریاوانی و پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە دەکات.