حووسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشە مووشەکییەکەی سەر سعوودیەیان راگەیاند
حووسییەکانی یەمەن، ئەمڕۆ شەممە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر شاری جیزان لە باشووری عەرەبستانی سعوودی راگەیاند.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی ئەنسارولڵا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام، حووسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، شاری جیزانیان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشەش دوای ئەوە دێت، پێشتر حووسییەکان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە سعوودیە کردبوو لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی لەم هەفتەیەدا کرابوونە سەر بنکەکانیان.
لە لایەکی دیکەوە، پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، دەسەڵاتدارانی عەرەبستانی سعوودی هۆشدارییان ئاراستەی دانیشتووانی شارەکانی جیزان و یەنبوع کردبوو بۆ ئەوەی ئاگاداری هەر ئەگەرێکی هێرش بن، دوای ئەوەی زانیارییان لەسەر هەڕەشەکانی حووسییەکان هەبووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 25ـی تەممووزی 2026، حووسییەکان لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی توندی دایە سعوودیە و رایگەیاند، ئەو تاوانانەی ئەم دواییەی سعوودیە ئەنجامی داون، بە بێ وەڵام تێپەڕ نابن.
حووسییەکانـی یەمەن، لە راگەیەندراوێکدا هەڕەشە لە سعوودیە دەکات و دەڵێت،" ئەو هاوکێشە بەرپەرچدانەوەیەی کە گەل و سەرکردایەتی و هێزە چەکدارەکانی یەمەن کێشاویانە، هاوکێشەیەکی روون و جێگیرە و پاشەکشەی لێ ناکرێت، مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان جەختیان کردووەتەوە، لەمەودوا مامەڵەکانیان بەپێی بنەمای وەڵامدانەوەی هاوشێوە دەبێت.
ئەنساروڵڵا لە پەیامەکەیدا بۆ هاوپەیمانیی عەرەبی نووسیویەتی: "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ، بەندەر بەرامبەر بەندەر، و پەرەپێدانی گرژییەکان بەرامبەر پەرەپێدانی گرژییەکان دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامبوونی هێرش و دەستدرێژییەکان بۆ سەر یەمەن، هیچ ئەنجامێکی بۆ وڵاتانی هێرشبەر نابێت جگە لە تێچووی زۆر و زیانی زیاتر.