دەستەبەری کەشتییەکانی سعوودییە لە دەریای سوور سنووردار کرا

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاوی کردەوە، کۆمپانیاکانی دەستەبەری کەشتی، دەستەبەری زیانەکانی شەڕیان بۆ بارە نێردراوەکانی سعوودیە لە دەریای سووردا سنووردار کردووە.

ئەم بڕیارەی کۆمپانیاکانی دەستەبەری رووداوە دەریایییەکان دوای ئەوە دێت، دوو کەشتیی نەوتی سعوودیە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە کرانە ئامانج. 

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەم سنووردارکردنە ئەو کەشتییانەش دەگرێتەوە کە ئاڵای وڵاتانی دیکەیان هەڵکردووە، بەڵام پێشتر لە بەندەرەکانی سعوودیە لەنگەریان گرتووە.

بەپێی راپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، ئەگەری هەیە سنووردارکردنی دەستەبەری کەشتییەکانی سعوودییە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.

شەممە 25ـی تەممووزی 2026، مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای سەر بە حووسییەکانـی یەمەن، لە راگەیەندراوێکدا بۆ هاوپەیمانیی عەرەبی نووسیویەتی "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ، بەندەر بەرامبەر بەندەر، و پەرەپێدانی گرژییەکان بەرامبەر پەرەپێدانی گرژییەکان دەبێت." ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامبوونی هێرش و دەستدرێژییەکان بۆ سەر یەمەن، هیچ ئەنجامێکی بۆ وڵاتانی هێرشبەر نابێت جگە لە تێچووی زۆر و زیانی زیاتر.

ئەم لێدوانە توندانەی حووسییەکان دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا لە ناوچە سنوورییەکان و رێڕەوە ئاوییەکاندا جارێکی دیکە رووی لە زیادبوون کردووەتەوە، لە دوایین پێشهاتدا هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودیە هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر پێگەی حوسییەکان ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. 

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی هەینی 24ـی تەممووزی 2026، دەنگی چوار تەقینەوەی بەهێز لە بەندەری حودەیدە بیسترا، هاوکات، ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە پشتڕاستی کردەوە، سەنگەر و پێگەکانی حووسییەکان کراونەتە ئامانج، ئەمەش پاش ئەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتنە لوتکە کاتێک حووسییەکان رایانگەیاند گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیەدا دەسەپێنن و کەشتییەکانی دەکەنە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی عەرەبییە و حەدەس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویانکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی حووسییەکان بووە لە شاری حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن، هاوکات تەلەڤزیۆنی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان بڵاویکردەوە "دەستدرێژییەکی سعوودیە" پارێزگای حودەیدەی کردووەتە ئامانج.