مەزڵووم عەبدی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی رووداوەکەی دێرەزوور دەکات
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییانی رووداوە هاتوچۆی سەر رێگای دێرەزوور کرد، کە تێیدا دەیان هاووڵاتیی سووری گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
شەممە 25ـی تەممووزی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا دڵگرانیی قووڵی خۆی نیشان دا بەرامبەر بەو رووداوە هاتوچۆیەی سەر رێگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا.
مەزڵووم عەبدی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی رووداوە هاتوچۆ دڵتەزێنەکەی سەر رێگای دێرەزوورمان پێگەیشت، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە رۆڵەکانی گەلی سووریا."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانییان دەربڕی و رایگەیاند: "قووڵترین سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و بنەماڵەی قوربانییان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارانی رووداوەکە دەخوازین.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەشی داوە، خۆمان بە هاوبەشی خەمی کەسوکاری قوربانییان دەزانین لەم کۆستە بەژانەدا، و لە خودای گەورە داواکارین کۆچکردووان بە بەزەیی خۆی شاد بکات و ئارامی بە دڵی بنەماڵەکانیان ببخشێت."
ئەمڕۆ، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پاس لەسەر رێگای دێرەزوور – دیمەشق، 35 کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە دابوو، رووداوەکە لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسێکی مەدەنیدا بووە، قوربانی و برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە، وەزارەتەکە هاوخەمی خۆی بۆ ئەو رووداوە مەرگهێنەرە دەربڕی.
رێگای "دێرەزوور - دیمەشق" لە ناوخۆی وڵاتدا بە رێگای مەرگ ناسراوە، ئەمەش بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ساڵانی رابردوودا؛ چونکە رێگاکە تەسکە و تەنیا یەک سایدی چوون و هاتنی هەیە بێ ئەوەی هیچ بەربەستێک لە نێوانیاندا هەبێت، جگە لە بوونی چاڵ و درز و داڕمانی ژێرخانی رێگاکە.