نێویۆرک پۆست پلانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرادەکات
رۆژنامەی نێویۆرک پۆست بڵاوی کردەوە، سیناریۆی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بۆ کۆنترۆڵکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ناو خودی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ ناو بازنەی بڕیاری ئەمنیی ئەمریکا.
شەممە 25ـی تەممووزی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی نێویۆرک پۆست، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوەن لە سیناریۆیەک کە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێرانە لەبری تەنها لەناوبردنیان لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، ئەمەش بەو هۆیەی هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە گفتوگۆکانی ئێستا ئەنجامی پێویستیان بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە نەبووە.
جۆزێف رۆدجێرز، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) رایگەیاندووە، بژاردەی سەربازی رەنگە راستترین رێگە بێت بۆ رزگاربوون لەو ماددە ئەتۆمییانەی ئێستا لای ئێرانن"، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، یەکێک دەبێت لە ئاڵۆزترین کارە سەربازییەکانی مێژوو.
راپۆرتەکە روونی دەکاتەوە، ئەم سیناریۆیە تەنها پشت بە یەکە تایبەتەکان نابەستێت، بەڵکو پێویستی بە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەرفراوان هەیە کە هەزاران سەرباز تێیدا بەشدار بن بۆ پاراستنی دامەزراوەکان، پاککردنەوەی مین و تەقەمەنییەکان و دروستکردنی هێڵێکی بەرگری بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی پێچەوانە، هەروەها دوای کۆنترۆڵکردنی شوێنەکان، تیمە تایبەتەکان دەست دەکەن بە گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، کە ئەمەش مەترسیدارترین قۆناغی کارەکەیە.
رۆدجێرز دەڵێت، سەرەڕای زیانەکان، سوپای ئێران هێشتا خاوەنی توانایەکی شەڕکەری رێکخراوە کە لەو نەیارانە بەهێزترن کە ئەمریکا لە رابردوودا رووبەڕوویان بووەتەوە، باس لەوەش دەکرێت رەنگە هێزەکانی وەک (SEAL Team 6) و فەوجی دووەمی رەنجەرز و کەتیبەی 21ـی تەقەمەنی بەشداری تێدا بکەن بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆم لە دامەزراوەکانی فۆردۆ و ئەسفەهانەوە بۆ دەرەوەی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران لە ساڵی 2025ـدا خاوەنی زیاتر لە 20 هەزار پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە.
ریچارد گۆڵدبێرگ، بەڕێوەبەری پێشووی دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکات، گەورەترین ئاستەنگ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناو خاکی ئێراندا لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەروەها دەڵێت،" ئێران ئێستا رێکارە بەرگرییەکانی لە دەوروبەری دامەزراوەی ئەسفەهان توندتر کردووە و مینی لە ناو تونێلەکاندا چاندووە، بۆیە توخمی "سوپرایز" لەم هێرشەدا نەماوە".
راپۆرتەکە ئاماژە بە شوێنێکی نوێ دەکات بە ناوی "جەبەل ئەلفەئەس" (کێوی تەوەر)، کە باس لەوە دەکرێت سەدان ئامێری سەنتەرفیوجی لێ بێت، گۆڵدبێرگ پێی وایە هێرش بۆ سەر ئەم شوێنە جیاواز دەبێت و رەنگە تەنها بریتی بێت لە چاندنی تەقەمەنی و لەناوبردنی لە ناوەوە، ئەگەر هێرشی ئاسمانی سوودی نەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەم سیناریۆیانە لە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەمریکا باس دەکرێن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لە واشنتنەوە بۆ جێبەجێکردنیان دەرنەچووە، چونکە شارەزایان بە یەکێک لە مەترسیدارترین و ئاڵۆزترین بژاردەکان پۆلێنی دەکەن.