ترەمپ گومان دەخاتە سەر مێژووی ئەمریکا و فەرمانێکی نوێ بۆ مۆزەخانەکان دەردەکات

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی نوێی دەرکرد کە تێیدا بڕیار دراوە تابلۆی ئاگادارکردنەوە لە بەردەم مۆزەخانەی نیشتمانیی مێژووی ئەمریکا لە واشنتن دابنرێت، بۆ ئەوەی سەردانیکەران ئاگادار بکرێنەوە کە مۆزەخانەکە زانیاریی ناڕاستیان پێ دەدات، ئەم هەنگاوە وەک نوێترین هەوڵی سەرۆکە کۆمارییەکە دەبینرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە کولتوورییەکانی وڵات.

شەممە 25ـی تەممووزی 2026، ئەم بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە ئانتیا هارتیگ، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، لەبەردەم لیژنەیەکی کۆنگرێسدا رووبەڕووی رەخنەی توندی پەرلەمانتارە کۆمارییەکان بووەوە، ترەمپ لەوەتەی لە سەرەتای ساڵی 2025 گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی، هەوڵی داوە دیدگا و ئاراستە سیاسییەکانی خۆی بەسەر مۆزەخانە و ناوەندە کولتوورییەکاندا بسەپێنێت، کە لەلایەن رەوتە پارێزگارەکانەوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی برەو بە بیرۆکە پێشکەوتنخوازەکان دەدەن.

بەپێی فەرمانەکە، دەبێت "تابلۆی کاتی" لەو رێگایانەدا دابنرێن کە دەچنە ناو مۆزەخانەکە، تاوەکو سەردانیکەران ئاگادار بکەنەوە کە پێویستە پێشانگاکانی ناو مۆزەخانە نوێ بکرێنەوە بۆ ئەوەی زانیاریی راست سەبارەت بە مێژووی ئەمریکا بخەنە روو.

ئەم رێکارە پشت بە راپۆرتێکی نوێی کۆشکی سپی دەبەستێت کە لە مانگی ئازاردا بڵاوکراوەتەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە دامەزراوەی "سمیسۆنیان"، کە سەرپەرشتی مۆزەخانەکە دەکات، مێژووی ئەمریکا وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گۆڕینی رادیکاڵانەی کۆمەڵگە بەکار دەهێنێت، هەروەها مۆزەخانەکە تۆمەتبار کراوە بەوەی رۆڵی سەرەکیی ئایینی مەسیحی لە مێژووی وڵاتدا پشتگوێ خستووە.

راپۆرتە 162 لاپەڕەییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە ناو مۆزەخانەکەدا پیاوە سپیپێستە مەسیحییەکان بە شێوەیەکی نەشیاو وەک هێمایەکی ستەمکار نیشان دەدرێن، کۆمارییەکان دەڵێن مۆزەخانەکە تووشی ئایدیۆلۆژیای وۆک (Woke) بووە، کە زاراوەیەکە بۆ رەخنەگرتن لەو سیاسەتە پێشکەوتنخوازانەی داکۆکی لە مافی کەمینەکان و رەتکردنەوەی جیاکاری دەکەن.

ترەمپ لە هاوینی ساڵی رابردوو داوای لە دادگا کردبوو لێکۆڵینەوە لەو مۆزەخانانە بکات کە مێژووی کۆیلایەتی دەگێڕنەوە، هەروەها لە مانگی ئایاری 2025، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی (ناشناڵ پۆرترێت گەلەری) لە کارەکەی دوورخستەوە.