ئەکسیۆس: ئەمشەو یان سبەی ئێران و عومان سەبارەت بە گەرووی هورمز رێکدەکەون
پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کردووە، کە ئەگەری هەیە وڵاتی عومان و ئێران بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز.
شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس"، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کردووە، ئەگەری هەیە ئەمشەو یان سبەی، رێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان مەسقەت و تاران لەسەر پرسی گەرووی هورمز واژۆ بکرێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، فەرمانی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکان، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی شاندی دیپلۆماسیی عومانی بۆ تاران دەرکراوە، کە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمێکی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز سەردانی ئێرانیان کردبوو.
سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە، پێشکەوتنی بەرچاو لە نێوان تاران و مەسقەتدا بەدەستهاتووە و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رێککەوتنی فەرمی واژۆ بکرێت. دوای ئەم قۆناخەش، ترەمپ دەبێت بڕیاری کۆتایی بدات لەسەر ئەوەی کە ئایا رێککەوتنە پێشنیارکراوەکە قبووڵ دەکات یان نا.