ئێران: ئۆکرانیا لە دەریای قەزوین هێرشی کردە سەر کەشتییەکمان

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەریای قەزوین هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی پەیوەندیدار بە ئێران، لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند بەهۆیەوە مەلەوانێکی ئێرانی کوژراوە و یەکێکی تر بریندار بووە.

شەممە 25ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشی سەربازیی ئۆکرانیای کرد بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی لە دەریای قەزوین ، کە بووەتە هۆی تەقینەوە لە ناو کەشتییەکە و کوژرانی یەک مەلەوان و برینداربوونی یەکێکی دیکە.

تاران جەختی کردەوە، ئەم هێرشە پێشێلکردنی بەندی 4 لە ماددەی 2ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە کارێکی دەستدرێژیکارانە دایدەنێت کە دەبێتە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی ئاگری جەنگەکە. هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دانپێدانی فەرمیی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە، نیشانەی بەردەوامیی رەفتارە نالۆژیکی و دوژمنکارانەکانی ئۆکرانیایە دژی ئێران." ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران جارێکی تر جەختی کردەوە کە ئەوان هیچ کات تێکەڵی ململانێکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا نەبوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی ئەوروپی کرد کە هەڵوێستی بەرپرسانە لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە مەترسیدارەی ئۆکرانیا بگرنەبەر، و جەختی کردەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەمای "بەرگریی رەوا لەخۆکردن"، ئێران دوودڵ نابێت لە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی و دەرەنجامی سەرکێشییەکانی سەرۆکی ئۆکرانیاش بە تەواوی دەخاتە ئەستۆی کیێڤ و هاوپەیمانەکانی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ زێلێنسکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیبووی: "ئێمە لە رێگەی لێدانی دوورمەوداوە لە دەریای قەزوین ئەنجامی زۆر باشمان بەدەستهێناوە، لەوانەش پێکانی چەند کەشتییەک رووسی و چەند کەشتییەک کە کەرەستە و باری سەربازیی پەیوەندیدار بە ئێرانیان دەگواستەوە."