هەرێمی کوردستان.. ئامادەکاری بۆ رێگریکردن لە کێشەی کەمیی بەنزین دەکرێت
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەیەکی گونجاو و خێرا بۆ کێشەی کەمیی بەنزین و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەسەر ئاستی باڵا ساز دەکەن.
رۆژی شەممە 25ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی باڵا لە نێوان نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکرێت، تاوەکوو لە زووترین کاتدا رێوشوێنی پێویست بۆ چارەکردنی کێشەی بەنزین بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم کۆبوونەوەیەدا لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر چەند پێشنیاز و تەوەرێکی سەرەکی دەکرێت؛ لەوانەش: زیادکردنی بڕی بەنزینی هاوردەکراوی رۆژانە بۆ ناوخۆی هەرێم و داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو کە دادپەروەری لە دابەشکردنی سووتەمەنیدا مسۆگەر بکات.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، پێشنیازی دابەشکردنی بەشە بەنزینە لە رێگەی "کارتی ئەلیکترۆنی بەنزین"، بە مەبەستی رێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەرجەم شۆفێران بە یەکسانی سوودمەند دەبن.
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، چەندین چارە و پێشنیازێکی دیکەی تەکنیکی و کارگێڕی لە لایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە دەخرێنە بەرباس، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان.