ئێران: گۆڕانکاری لە دۆخی هاتوچۆی گەرووی هورمز رووینەداوە

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ عومان سەبارەت بە گەرووی هورمز بونیاتنەر بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە رۆژانی هەینی و شەممەدا چەند گەڕێکی دانوستان لە نێوان ئێران و عومان لە ئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە تاران بەڕێوەچووە.

گوتیشی: لە گفتوگۆکاندا هەردوو لایەن لە بارەی میکانیزمی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و رەچاوکردنی مافی خاوەندارێتی وڵاتانی کەناراوەکان بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕکردووە.

بە گوتەی بە قایی گفتوگۆکانی نێوان جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان سوودبەخش بوون و شاندەکەی عومان ئێوارەی دوێنێ شەممە تارانیان بە رەو مەسقەت جێهێشتووە، بەڵام گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام دەبن.

هەروەها لە بارەی دۆخی گەرووی هورمز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک نییە و گەرووی هورمز هەر بە داخراوی ماوەتەوە.