بەهۆی لافاوەوە دەیان ئۆتۆمبێل لە تورکیا نوقم بوون

بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە لە زۆربەی شارەکانی تورکیا، زیانێکی زۆری دارایی بەر ژێرخانی شارەکان و هاووڵاتییان کەوتووە و دەیان ئۆتۆمبێلیش نوقمی ئاو بوون.

شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و لافاوێکی بەهێز زۆربەی شارەکانی تورکیای گرتووەتەوە و لە چەند کاتژمێرێکدا لە زۆرینەی شەقامەکان ئاوێکی زۆر پەنگی خواردووە، بەمەش زیانێکی زۆر بە ژێرخانی شارەکان گەیشتووە. 

لە شارەکانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و چەندان ناوچەی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو، دەیان ئۆتۆمبێل لە ناو ژێرپردەکان و جادە گشتییەکاندا نوقم بوون و گیرییان خوارد.

ئەم رەوشە نەک تەنیا زیانی بە ئۆتۆمبێلەکان گەیاندووە، بەڵکوو بووەتە هۆی داڕمانی چەندان رێگەی گشتی و دروستبوونی چاڵی گەورە لە ناو شەقامەکاندا و لە هەندێک شوێن ئۆتۆمبێلەکان کەوتوونەتە ناو ئەو چاڵانەوە. لە شارەکانی عوسمانییە و ئەدەنە، ئاو چووەتە ناو نەخۆشخانە و ماڵەکانەوە.

سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو (ئافاد) پێشتر ئاگاداریی دابووە 35 شار؛ ئێستا زیاتر لە 18 هەزار کارمەندی لەگەڵ هەزاران ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری رەوانەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان کردووە، ئەمەش بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان لە ناو ماڵەکانیاندا گیرییان خواردووە.

 لە شارەکانی وەک تۆکات و یۆزگات و ئەماسییە، بارانەکە هێندە بەخوڕ بووە بە کەمتر لە یەک کاتژمێر بازاڕەکان و قاتی نزمەکانی باڵەخانەکان بە یەکجاری کەوتوونەتە ژێر ئاو، بەمەش زیانێکی زۆری دارایی بە فرۆشیاران گەیشتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، تورکیا بەردەوام رووبەڕووی شەپۆلی بارانی بەخوڕ و لافاوی وێرانکەر دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەریای رەش و ناوەڕاستی ئەنادۆڵ.