گرانی بازاڕ تەنگی بە هاووڵاتیانی حەسەکە هەڵچنیوە
دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەدەست بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان و دابەزینی هێزی کڕینیانەوە گرفتاربوون، ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ ناسەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر لیرەی سووری، کە زیانێکی زۆری بە جوڵەی بازاڕ و بژێوی رۆژانەی هاووڵاتییان گەیاندووە.
هاووڵاتیەکەی حەسەکە بەناوی خزر فەرحان ئاماژە بەوە دەکەن، کرێی رۆژانەی کرێکارێک کە نزیکەی 50 هەزار لیرەی سوورییە، بە هیچ شێوەیەک بەشی کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک نان و شەکر ناکات، بەپێی گوتەی خزر، بۆ ئەوەی خێزانێکی چوار کەسی بتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی رۆژانە دابین بکات، پێویستی بە داهاتی رۆژانەی 300 بۆ 500 هەزار لیرە هەیە، ئەمەش بارگرانییەکی قورسی لەسەر شانی چینە هەژار و مامناوەندەکان دروستکردووە. هاوکات بەهۆی گرانییەوە، گۆشتی سوور لە سەرخوانی خێزانەکان سڕدراوەتەوە و نرخی یەک کیلۆ مریشکیش لە 17 هەزار لیرەوە بۆ نزیکەی 30 هەزار لیرە بەرزبووەتەوە.
مەحموود ئەحمەد هاووڵاتییەکی دیکەی حەسەکەیە و دەڵێت، نرخی کەرەستە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک زەیت، برنج، شەکر و رۆن، بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە، بۆ نموونە، کیلۆیەک شەکر گەیشتووەتە زیاتر لە 9 هەزار لیرە، نرخی یەک لیتری زەیتیش لە 75 هەزار لیرەوە بۆ زیاتر لە 100 هەزار لیرە بەرزبووەتەوە، ئەمەش کڕینی ئەم پێداویستییانەی بۆ بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ئەستەم کردووە.
هەروەها یوسف عەلی، کە خاوەن دوکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی خپراکە و گوتی: جوڵەی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕدا بە رێژەی %60 پاشەکشەی کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، ناسەقامگیریی نرخی دۆلار کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕ دروستکردووە؛ چونکە تەنانەت لە کاتی دابەزینی نرخی دۆلاریشدا، نرخەکان بە بەرزی دەمێننەوە و دانابەزن، ئەم گۆڕانکارییە بەردەوامەی نرخەکان، وایکردووە کە نە کڕیار توانای کڕینی پێشووی هەبێت و نە خاوەن دوکانەکانیش بتوانن بە شێوەیەکی جێگیر کەرەستە بکڕن و بیانفرۆشنەوە.
ئەم قەیرانە ئابوورییە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێ لە نێو هاووڵاتییاندا، چونکە هیچ جێگیرییەک لە نرخەکاندا بەدی ناکرێت و داهاتی رۆژانەی خەڵکەکەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچووی سەرەتایی ژیاندا ناگونجێت.