بەمزووانە نووسینگەی پاسپۆرت لە خانەقین دەکرێتەوە
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسینگەی پاسپۆرت لە شارۆچکەی خانەقین بکرێتەوە، ئەمەش دوای بەدەستهێنانی رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ و هەوڵێکی چەند ساڵەی پەرلەمانتارانی کورد دێت.
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە خانەقین دەربڕیوە و بڕیارە بەمزووانە دەرگای نووسینگەکە بە رووی هاووڵاتیاندا بکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، لەم هەفتەیەدا تەواوی ئامێر و پێداویستییە تەکنیکی و لۆجستییەکان بۆ نووسینگەکە ئامادە دەکرێن و دەستبەکار دەبێت، بەمەش لەمەودوا هاووڵاتیانی سنوورەکە پێویست ناکات بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان سەردانی ناوچەکانی دیکە بکەن.
سروە محەممەد باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ نووسینگەیەکی پاسپۆرت لە خانەقیندا نەبووە، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکانیان، ناچار بن رێگەیەکی دوور ببڕن و سەردانی بەعقوبە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای دیالە بکەن.
کردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە کاتێکدایە، کە لە ساڵی 2022ـەوە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ هێنانەکایەی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ خانەقین، هەرچەندە پێشتر چەندین جار وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق بەڵێنی کردنەوەی دابوو، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرابوو، تا دواجار لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسینگەکە بە فەرمی دەکرێتەوە.
قەزای خانەقین یەکێکە لە گەورەترین قەزاکانی پارێزگای دیالە و هەریەکە لە ناحیەکانی (قۆرەتوو، مەیدان، گوڵاڵە و سەعدیە) لەخۆدەگرێت، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن و پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەبیشی تێدا نیشتەجێن.