بەهۆی ئاگرەکەی فەرەنسا و ئیسپانیاوە نزیکەی 250 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵ کرد

شەپۆلێکی بەهێزی ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانی ناوەڕاستی ئیسپانیا و باشووری فەرەنسا دەسووتێنێت و بەهۆیەوە نزیکەی 250 هەزار کەس لە هەردوو وڵات ناچاری بە جێهێشتنی ماڵەکانیان کراون؛ هاوکات لە دەوروبەری مەدریدی پایتەخت، مەترسی لەسەر ژیانی 50 هەزار کەس دروست بووە.

ئیزابێل دیاز ئایوسۆ، سەرۆکی حکوومەتی مەدرید، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی "بێوێنە" بووەتەوە. بە گوتەی ئایوسۆ، تەنیا لە دەوروبەری مەدرید 10 شارۆچکە بە تەواوی چۆڵکراون، کە دیارترینیان "کادالسۆ دی لۆس ڤیدریۆس" و "رۆزاس دی بوێرتۆ ریال"ن. سەرۆکی حکوومەتی مەدرید هۆشداریشی دا کە بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی گەرماوە، پێدەچێت لە کاژێرەکانی داهاتوودا دۆخەکە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر بێت.

هاوکات لە فەرەنسا، تەوژمی ئاگرەکە گەیشتووەتە کەناراوەکانی زەریای ئەتڵەسی. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە فەرمانی چۆڵکردنیان بۆ ناوچەیەکی بەرفراوان دەرکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 167 هەزار کەس لە ناوچەی "جیرۆند" و 31 هەزار کەسی دیکە لە "لاند" ماڵەکانیان جێهێشتووە.

شارەزایانی کەشوهەوا، ئەم کارەساتە ژینگەییە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو شەپۆلە گەرما پێوانەییە دەگێڕنەوە کە ئەوروپای گرتووەتەوە. دوای زستانێکی پڕباران، گژوگیایەکی زۆر لە دارستانەکان روواون، بەڵام وشکەساڵیی و گەرمای توند ئەو رووەکانەی کردووەتە سووتەمەنییەکی خێرا بۆ گەشەسەندنی بڵێسەی ئاگرەکە. ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە ململانێیەکی تونددان لەگەڵ کات و چاوەڕوانی باشبوونی کەشوهەوا دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە بکەن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، ئاگر رووبەری 130 هەزار هێکتار زەوی لە ئیسپانیا کردووەتە خۆڵەمێش. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی 2025 بە "خراپترین ساڵ" لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتە دادەنرێت، کاتێک ئاگرەکان رووبەری زیاتر لە 393 هەزار هێکتار زەوییان سووتاند.