هەڵمەتێکی فراوان قەڵای مێژوویی نەبی هووریی عەفرین لە لەناوچوون دەپارێزرێت
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و مۆزەخانەکانی عەفرین، بە مەبەستی پاراستنی رەسەنایەتی و رێگریکردن لە رووخانی پێگە مێژووییەکان، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ پاککردنەوە و لابردنی گژوگیای کێوی لە قەڵای مێژوویی نەبی هووری و شانۆ رۆمانییەکە دەستپێکرد.
ئەم هەڵمەتە کە بە پاڵپشتی ئیدارەی ناوچەی عەفرین و بەشداریی کۆمەڵەی "کوڕانی زەیتوون" و ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆبەخشان و شارەزایانی بواری شوێنەوار بەڕێوەچوو، ئامانجی سەرەکیی پاراستنی قەڵاکەیە لەو مەترسییانەی گژوگیا کێوییەکان بۆ سەر پێکهاتەی بەردین و تەلارسازیی شوێنەوارەکە دروستی دەکەن. تیمە بەشداربووەکان بە وردی دەستیان کرد بە بڕین و لابردنی ئەو گیا و دڕکوداڵانەی لەنێوان پلیكانەکانی شانۆ رۆمانییەکە و دیوارە مێژووییەکاندا روابوون، چونکە گەشەکردنی رەگی ئەو رووەکانە دەبێتە هۆی دروستبوونی درز و تێکچوونی هاوسەنگیی بەردەکان و لە کۆتاییدا رووخانیان.
ئەم چالاکییە نیشتمانی و کلتوورییە، تەنیا پاککردنەوەیەک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دووبارە دەرخستنی سیمای جوانی و مێژوویی قەڵاکە، تاوەکو لە داهاتوودا وەک ناونیشانێکی گرنگی گەشتیاریی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە. هاوکات، ئەم هەنگاوە لە درێژەی کارنامەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عەفریندایە، کە هەفتەی رابردوو هەڵمەتێکی هاوشێوەیان لە پێگەی مێژوویی گردی "عەین دارە" ئەنجامدابوو.
قەڵای نەبی هووری کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی یۆنانی و رۆمانییەکان دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە گرنگترین گەنجینە شوێنەوارییەکانی رۆژئاوای کوردستان. بەشداربووانی هەڵمەتەکە جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی ئەم پێگەیە پاراستنی ناسنامەی کولتووریی ناوچەکەیە و ئەرکێکی مرۆییە کە بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە، بەتایبەتی کە ئەو شوێنەوارانە بۆ ماوەی چەندین سەدە بە راوەستاوی ماونەتەوە و ئێستا پێویستیان بە چاودێری و نۆژەنکردنەوەی بەردەوام هەیە.