لە ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەناو ژمارەیەک خەڵکدا کێشا
پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە، لە پارکی 'تیرگارتن' لە ناوەڕاستی بەرلین، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە کۆمەڵێک خەڵکدا کێشا، کەسێک گیانی لەدەستدا و نزیکەی 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە. رووداوەکە لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی هاوڕەگەزخوازان بووە و ئۆتۆمبێلەکەش بە جێهێڵدراوی لە شوێنی رووداوەکە دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیسی بەرلین کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، بڵاوکراوەتەوە ئۆتۆمبێلەکە چووەتە ناو کۆمەڵە خەڵکەکەوە و دوای خۆکێشانی بە دارێکدا لە ناو پارکەکەدا وەستاوە، لە کاتێکدا شۆفێرەکە بە پێ بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و تا ئێستاش هۆکاری پشت رووداوەکە روون نییە.
پۆلیسی بەرلین رایگەیاند، ناسنامەی گومانلێکراوێکی سەرەکییان دیاری کردووە کە هێشتا دەستگیر نەکراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ناسراوە، لە هەمان کاتدا پۆلیس روونیکردەوە، هێشتا زانیاری تەواو لەسەر پاڵنەری دیاریکراو یان وردەکاریی چۆنیەتی روودانی بابەتەکە لەبەردەستدا نییە.
تاوەکوو ئێستا پۆلیسی ئەڵمانیا سەرقاڵی گەڕانە بەدوای تۆمەتبارەکە، هاوکات بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەکان کران.
هاوکات، شایەتحاڵەکان بە پۆلیسیان راگەیاندووە، لە کاتی پشێویی دوای رووداوەکە، ئەگەری برینداربوونی هەندێک کەس بە چەقۆ هەبووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش رایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە راستی و دروستیی ئەم دەنگۆیانە دەکەن و دەیانەوێت بزانن ئایا هێرشەکە قۆناخی دووەمی هەبووە یاخود نا.
لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، فریدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پلاتفۆرمی "ئێکس"ەوە نووسیویەتی "چ تاوانێکی قێزەون و تۆقێنەر لە بەرلین روویدا. سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری جیهانەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە یادکردنەوەی رۆژی کریستۆفەر ستریت کۆببوونەوە. ئەوان دەیانویست بە رۆحیەتی رێزگرتن و لێبوردەییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن. ئەم هێرشە، هێرشکردنە سەر سەرجەم کۆمەڵگەکەمانە".
لای خۆشیەوە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، رووداوەکە "هێرشێکی ترسنۆکانە و قێزەونە بۆ سەر ئەو خەڵکەی بە ئاشتییانە سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوون، ئەمەش بە قووڵی منیی هەژاندووە. هاوسۆزی خۆم بۆ قوربانیان، کەسوکاریان و هەر کەسێک کە ناچار بووە شایەتحاڵی ئەم تاوانە بێت، دەردەبڕم."
گوتیشی "هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات لایەنە تەمومژاوییەکان و پاڵنەرەکانی پشت ئەم تاوانە دڕندانەیە ئاشکرا بکەین و دڵنیابینەوە لە سزادانی توندی بەرپرسانی ئەم کارە."