کەشناسی هەرێم: گەرمایەکی بەتین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی وەرزیی گەرم، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی گەرما لە رۆژی سێشەممە روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات و تاوەکوو چوارشەممە و پێنجشەممە بەردەوام بێت.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە رۆژی سێشەممە، 28-7-2026 دەست پێدەکات و لە رۆژی چوارشەممەدا کاریگەریی ئەم شەپۆلە دەگاتە لوتکە و بەرزترین ئاستی خۆی تۆمار دەکات.

پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ رۆژی چوارشەممە بەم شێوەیە بێت:

هەولێر: 47 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 45 پلەی سیلیزی

دهۆک: 46 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 46 پلەی سیلیزی

کەرکوک: 48 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 50 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 47 پلەی سیلیزی

سۆران: 45 پلەی سیلیزی

راپەڕین: 44 پلەی سیلیزی

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی پێنجشەممە 30-7-2026 کاریگەریی ئەم شەپۆلە کەمێک لاواز بێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژی چوارشەممە 1 تا 2 پلەی سیلیزی نزم ببنەوە، لەم ماوەیەدا ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت، بەڵام ئەگەری هەیە لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا خێرایی با لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی زیاد بکات و بگاتە سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ رۆژانی دواتر پلەکانی گەرما دەگەڕێنەوە سەر ئاستی ئاسایی و ساڵانەی خۆیان، واتە هەرچەندە پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە، بەڵام بارستە هەوا سەرەکییەکەی شەپۆلی گەرماکە کەمێک لاواز دەبێت.