سەرچاوەیەکی ئێرانی: هێرشەکان رادەگرین ئەگەر ئەمریکاش بوەستێت
سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی ئەمریکا هێرشەکانی رادەگرێت ئەگەر واشنتن لە هێرش نەکردن بەردەوام بێت، بەڵام هاوکات گومانی قووڵیان نیشاندا لە راستگۆیی کۆشکی سپی و بڕیارەکەی بە تەکتیکی ناوبرد.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، تاران پەیامێکی گەیاندووەتە ئەمریکا کە تێیدا هاتووە ئامادەن ئۆپەراسیۆنەکانیان رابگرن ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکاش بوەستن.
ئەم پەیامە پاش رۆژێک دێت لەوەی کە واشنتن بۆردوومانە ئاسمانییەکانی دوای 13 شەوی بەردەوام بە شێوەیەکی کاتی راگرت. سەرچاوە باڵاکەی ئێران ئاماژەی داوە، "هەڵوێستی ئێران وەک خۆیەتی؛ ئەگەر هێرشەکان رابگیرێن، ئێران سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی دەوەستێنێت و ئەم پەیامەشمان گەیاندووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ئاستی گومان لە ناو بەرپرسانی تاراندا زۆر زیاترە لە ئومێد بە کۆتایهێنان بە بۆردوومانەکان، و تێڕوانینی گشتی ئێستا ئەوەیە کە ئەم راگرتنەی لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوە تەنیا بۆ مەبەستی تاکتیکییە نەک بڕیارێکی ڕاستەقینە بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ
دوێنێ شەممە؛ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی داوە هیچ هێرشێکی نوێ نەکەنە سەر ئێران، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت بۆ ماوەی 13 رۆژی ڕابردوو، ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە هێرشی دەکردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان.