گەرووی هورمز.. کەشتییەک بەهۆی مینەوە تەقییەوە
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، نەوتهەڵگرێک لە گەرووی هورمزدا تەقیوەتەوە دوای ئەوەی لەو رێڕەوە کەشتیوانییەی کە تاران دیاری کردبوو لایداوە و مینی دەریایی پێدا تەقیوەتەوە، بێ ئەوەی تا ئێستا ناسنامەی کەشتییەکە یان قەبارەی زیانەکانی بڵاوبکرێتەوە.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کەشتییەکی نەوتهەڵگ لە کاتی گەشتەکەیدا بە ناو گەرووی مێژوویی هورمزدا رووبەڕووی تەقینەوەیەکی بەهێز بووەتەوە بەهۆی پێکانی مینی دەریاییەوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، کەشتییەکە بەر لە تەقینەوەکە، لەو رێڕەوە دیاریکراوە لایداوە کە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە دیاری کرابوو لە ناو گەرووەکەدا. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناسنامەی کەشتییەکە، قەبارەی زیانە ماددییەکان یان هەبوونی قوربانی لە ئەنجامی رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
ئێران لە 26ی حوزەیراندا بە فەرمی هۆشداری دابوو کە تێپەڕبوون بە ناو گەرووی هورمزدا تەنیا لە رێگەی ئەو رێڕەوانەوە رێگەپێدراوە کە تاران دیارییان دەکات. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لەم مانگەدا گرژیی توند لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 8ی تەممووزدا یادداشتی تێگەیشتنی نێوانیانی بە فەرمی بە کۆتاییهاتوو راگەیاند بە تۆمەتی پێشێلکردنی مەرجەکانی کەشتیوانی لە لایەن تارانەوە.
واشنتن داوای هاتوچۆی بێبەربەست دەکات، لە کاتێکدا تاران پێداگری دەکات کە دەبێت سەرجەم کەشتییەکان لە ژێر چاودێری و بە رێڕەوی نزیک لە کەناراوەکانی ئێراندا گەشت بکەن.