زەیدی جەخت لە گرنگیی دروستکردنی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ لوبنان دەکاتەوە

عێراق و لوبنان هەماهەنگییەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە چڕ دەکەنەوە

حکوومەتی عێراق و لوبنان لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی فەرمیی هاوبەشیان لەسەر پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گەیاندن بەڕێوەبرد، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ئابووری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ هەردوولا.

یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، حکوومەتی وڵاتەکە و شاندێکی فەرمیی لوبنان، لە بەغدا دانوستانێکی هاوبەشیان لەسەر پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گەیاندن ئەنجامداوە.

دانوستانەکان بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بەڕێوەچوو.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، لەم دانوستانانەدا باس لە رێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنیدا کرا. 

هەروەها پەرەپێدانی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات بە شێوازێک کە خزمەت بە گەشەپێدانی گشتگیر و بەردەوام بکات، خرایە بەرباس.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا  جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و بەیرووت کردەوە و هیوای خواست ئەم دانوستانانە ببنە مایەی دروستبوونی هاوبەشیی ئابووریی بەرهەمدار لە کەرتی جیاوازدا. 

هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی.

ئەمڕۆ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.