نەوت و کانزاکانی هەولێر: بەیانی دابەشکردنی بەنزین بە کارت بە شێوەی تاقیکاری دەستپێدەکات
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، لە سبەینێوە دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە نرخی 750 دینار لە رێگەی کارتەوە و بە شێوەی تاقیکاری دەست پێ دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سالار محەمەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "بەیانی دووشەممە، لە بەنزینخانەی (شهم) لە شاری هەولێر، بە شێوەیەکی تاقیکاری دەست دەکەین بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە رێگەی سیستمێکی نوێی کارتەوە."
بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی "ئەو کارتەی کە شۆفێران بۆ وەرگرتنی بەنزینەکە بەکاری دەهێنن، هەمان ئەو کارتەیە کە پێشتر بۆ وەرگرتنی غازی ماڵان بەکار دەهات."
سالار محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم هەنگاوە لە ئێستادا تەنیا وەک تاقیکردنەوەی سیستمەکەیە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن کار دەکات و چۆن دەتوانرێت بە باشترین شێوە پڕۆسەکە بەڕێوە بچێت، دواتر بڕیاری کۆتایی لەسەر گشتگیرکردنی دەدرێت.
جێگەی ئاماژەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رێکخستنەوەی دابەشکردنی سووتەمەنی و رێگریکردن لە بەهەدەرچوونی بەنزینی پاڵپشتیکراو، تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بگاتە دەستی هاووڵاتییان.