لە زاخۆ پڕۆژەی چاندنی زیاتر لە 16 هەزار درەخت دەستیپێکرد

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) و سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ، پڕۆژەیەکی نوێی بۆ سەوزکردنی ناوچەکە راگەیاند، تێیدا زیاتر لە 16هەزار درەخت دەچێندرێن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24، پڕۆژەکە بریتییە لە چاندنی 16 هەزار و 350 درەخت لەو زەوییانەی کە لەناو زانکۆی زاخۆ بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراون. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەڵمەتە گەورەکەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ چاندنی یەک ملیۆن دار، کە تاوەکو ئێستا لە قۆناخی یەکەمدا زیاتر لە 40 هەزار داری لێ چێندراوە.

پڕۆژەکە ماوەی دوو ساڵە کارەکانی دەستیپێکردووە، بە شێوەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت. بۆ دڵنیابوونەوە لە وشکنەبوونی دارەکان، سیستەمێکی پێشکەوتووی ئاودانیان بۆ دروستکراوە و تیمێکی تایبەت چاودێرییان دەکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم پڕۆژەیە، رەخساندنی هەلی کارە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، ئاوارە و پەنابەران. هاوکات رێکخراوی نێودەوڵەتی کار بیمەی کار و تەندروستی بۆ ئەو کرێکارانە دابین کردووە کە لە پڕۆژەکەدا کاردەکەن، بە شێوەیەک لە کاتی هەر پێکان یان نەخۆشییەکدا، رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنیان دەگرێتە ئەستۆ.

بڕیار وایە شوێنی پڕۆژەکە بە شێوەی دارستانێکی رێکخراو لەناو زانکۆی زاخۆ پەرەی پێبدرێت، کە رێگەی پیادە و شوێنی حەوانەوە و کافتریای تێدا بێت، تاوەکو قوتابیان و هاووڵاتییان بتوانن لە ژینگەیەکی پاک و دیمەنێکی جواندا کاتەکانیان بەسەر ببەن.

ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە، جگە لە بەخشینی دیمەنێکی شارستانی و جوان بە زاخۆ، بریتییە لە پاککردنەوەی ژینگە، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا لە سنوورەکەدا بۆ قوتابیان. جۆری دارەکان بریتییە لە دار فستق و دار زەیتوون لەسەر رووبەری 80 بۆ 90 دۆنم.