لە گەرووی هورمز رێگریی لە شەش کەشتیی دیکە کرا
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، شەش کەشتی سەرپێچیکار سیستەمی چاودێریان لە نەخشەی جووڵەی دەریایی کوژاندبووەوە و هەوڵیاندا بە پشتیوانی سوپای ئەمریکا بە نایاسایی و گرتنەبەری رێگەی ناپارێزراو، لە باشووری گەرووی هورمز تێپەڕن، بەڵام لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە رێگریان لێکراوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، یەکێک لە کەشتییەکان تووشی رووداو بووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی لە بارەی جۆری رووداوەکە و زیانەکانی کەشتییەکە ئاشکرای نەکردووە؛ تەنیا ئاماژەیداوە، کە پێنج کەشتییەکەی دیکە ناچارکراون بگەڕێنەوە ئاوەکانی کەنداو.
دوێنێ یەکشەممە، بە هەمان شێوە هێزی دەریایی ئێران لە گەرووی هورمز رێگریان لە تیپەڕبوونی شەش کەشتی دیکە کردبوو.
هەر دوێنی یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز کە لە رێگای دیاریکراوی ئێران لایداوە، دوای ئەوەی بەر مینێکی دەریایی کەوتبوو، تەقیوەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە سەرەڕای هۆشدارییەکان کەچی لەو رێڕەوەی ئێران دیارییکردووە لایداوە و لە ناوچەیەکی دەرەوەی رێڕەوی سەلامەتی تەقیوەتەوە.
هەرچەندە لە 18ـی حوزەیرانی رابردوودا، ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر، لە سویسرا یاداشتی لێکگەیشتنیان واژۆکرد، بەڵام دوای 20 رۆژ لە تێپەڕبوونی واژۆکردنەکە، لە 8ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ یاداشتەکەی هەڵوەشاندەوە و هێرشەکانی دەستپێکردەوە.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا، هێزی دەریایی ئێران گەرووی هورمزی بە تەواوی لەبەردەم جووڵەی بازرگانی جیهانی داخستەوە.
هەروەها بۆ چارەسەری پرسی ئیدارەدانی جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمز، دوو رۆژ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە نێوان جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان لە تاران بەڕێوەچوو، بەڵام بەبێ گەیشتنە هیچ ئەنجامێک ئێوارەی شەممە 25ـی ئەم مانگە شاندەکەی عومان بە دەستبەتاڵی گەڕانەوە مەسقەت؛ بە گوتەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکاندا رێککەوتوون گفتوگۆکانی نێوان تاران و مەسقەت تا گەیشتن بە میکانیزمێکی گونجاو بە لەبەرچاوگرتنی مافی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئیدارەدانی گەرووی هورمز بەردەوام بێت.