هەڵەبجە؛ ئاماری حەوت مانگی سەرپێچییە ژینگەییەکان راگەیەندرا

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری حەوت مانگی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئامارەکانیشی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان گەڕاندەوە تاوەکو لە سەرپێچییە ژینگەییەکان دووربکەونەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026 ، عەمید عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە، رایگەیاند؛ بەگوێرەی ئامارەکان، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2026، (64) سکاڵا لەسەر هەڵکەندنی بیری نایاسایی، ئاگرکەوتنەوە و زیادەڕەوی تۆمارکراون. ئەم سەرپێچیانە بەگوێرەی ماددەی 42/1 لە یاسای ژینگە و ماددەی 20ـی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

عەمید عابدین ئاماژەی بەوە کرد، لەو ماوەیەدا دەست بەسەر چەندین ئامێر و کەلوپەلدا گیراوە، لەوانە: 8 ئامێری بیرهەڵکەندن، 185 تۆڕی راوی ماسی، یەک چەکی جۆری تاپڕ، 5 بارهەڵگر داری بڕدراوی جۆراوجۆر و بڕێکی زۆر لە داری بەڕوو. هەروەها 5 کەوی زیندوو دەستیان بەسەردا گیراوە و دواتر ئازاد کراون.

سەبارەت بە دەستگیرکراوەکان، لەو شەش مانگەدا 62 تۆمەتبار دەستگیرکراون، 58یان ئازاد کراون و ٤ تۆمەتباریش بەپێی ماددەی 42/1 لە یاسای ژینگەی هەرێمی کوردستان بە بەندکراوی ماونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاماری مانگی تەممووز خرایە روو، تێیدا 15 دۆسیەی نوێی ئاگرکەوتنەوە، بیری نایاسایی و زیادەڕەوی تۆمارکراون. لەم مانگەشدا دەست بەسەر دوو ئامێری بیرهەڵکەندن، ئامێرێکی تەختکردنی کۆنکرێت، چەکێکی جۆری جی-3و بڕێکی زۆر داری بڕدراودا گیراوە. لەسەر ئەم کەیسانە 15 تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە 11یان ئازاد کراون و 4 تۆمەتبار تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی دادگادان و بەندکراون.