دوو بەرپرسی کورد لەگەڵ زەیدی دەچنە تورکیا
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شاندێکی باڵاوە سەردانی تورکیا دەکات، دوو بەرپرسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەناو شاندەکەدا دەبن.
سبەی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لەو سەردانەدا گفتوگۆ لەسەر دۆسیە هەستیارەکانی ئەمنی، سیاسی و وزە دەکرێت.
لەو سەردانەدا، دکتۆر سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و دکتۆر بەرۆژ، راوێژکار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یاوەری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.
بەشداریکردنی ئەم دوو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی و بە رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
هاوکات بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 30ـی تەممووز، سەرۆکوەزیرانی عێراق درێژە بە سەردانە دەرەکییەکانی بدات و سەردانی سعوودییە بکات.
ئەم سەردانانە لەکاتێکدان کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم مانگەدا سەردانی ئەمریکا و ئێرانیشی کردووە.