لە سلێمانی سێیەمین پێشانگەی تایبەتیی محەمەد عەلی کرایەوە

لەلایەن لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، سێیەمین پێشانگەی تایبەتی محەمەد عەلی، هونەرمەندیی شێوەکاری کورد، لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی کرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تەمموزی 2026، محەمەد عەلی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم کۆمەڵە کارە هونەرییانە کە لە 41 تابلۆ پێکهاتوون، بە قەبارەی جیاواز و بە تەکنیکی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس دروست کراون. هەر تابلۆیەک ناسنامە و جیهانی تایبەتیی خۆی هەیە و ناونیشانەکانیان لەگەڵ ناوەڕۆکەکانیان گونجاون، بۆیە بینەر هەر جارێک لەبەردەم تابلۆیەک دەوەستێت، دەتوانێت چیرۆکێکی نوێ بخوێنێتەوە."

گوتیشی، "ئەم پێشانگەیە کۆکردنەوەی چەندین ساڵ ئەزموون، تێڕوانین و داهێنانی هونەریی منە و هەوڵێکە بۆ ئەوەی هەستە ناوەکییەکانم بە زمانی رەنگ و شێوە بگوازمەوە بۆ بینەر. سەرچاوەی زۆربەی کارەکانم، خەیاڵ، بیرەوەری، بەسەرهاتە کەسییەکان، سروشت و ئەو رووداوانەن کە مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەدا پێیدا تێدەپەڕێت. هەر بۆیە تابلۆکان تەنیا پیشاندانی شێوە و رەنگ نین، بەڵکو هەوڵێکن بۆ گواستنەوەی هەست و بیرۆکەکان بە شێوەیەکی هونەری."

ئەو شێوەکارە باس لە گرنگیی تابلۆکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "من لە هەر تابلۆیەکدا هەوڵ دەدەم بەشێک لە ناخ و هەستەکانم بخەمە سەر کانڤاس. هەندێک جار تابلۆیەک لە خەیاڵێکی بچووک دەست پێدەکات، بەڵام لە کاتی کارکردندا دەگۆڕێت بۆ چیرۆکێکی تەواو. هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ لە ژیاندا دەیبینێت، لە دڵخۆشی و ئارامییەوە بگرە تا خەم، بیرکردنەوە و هیوای داهاتوو، دەتوانن سەرچاوەی دروستبوونی تابلۆیەک بن."

محەمەد عەلی جەخت لەسەر گرنگیی رەنگ دەکاتەوە و دەڵێت، "رەنگ لە هەموو کارە هونەرییەکانم دا رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. هەر رەنگێک هەڵگری واتا و هەستێکی تایبەتییە و دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر بینەر دروست بکات. رەنگەکان بۆ من ژیانن. لەگەڵیاندا دەژیم، پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵیان هەیە و هەر جارێک فڵچەکەم بە رەنگ دەنوێنم، هەست دەکەم دەچمە ناو جیهانێکی دیکە؛ جیهانێک پڕ لە ئازادی، ئارامی و جوانی. ئەو ساتانە لە خۆشترین ساتەکانی ژیانمن، چونکە هەست دەکەم دەتوانم بێ وشە، قسە لەگەڵ خەڵک بکەم."

دەربارەی ئامانجی سەرەکیی کردنەوەی پێشانگەکە، محەمەد عەلی دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی لەم پێشانگەیەدا تەنیا پیشاندانی توانای تەکنیکی نییە، بەڵکو درووستکردنی گفتوگۆیەکە لەنێوان تابلۆ و بینەر. هەر کەسێک کە لەبەردەم تابلۆیەک دەوەستێت، دەتوانێت بە پێی ئەزموون و هەستی خۆی واتایەکی نوێی لێ وەربگرێت، و ئەمەش جوانترین تایبەتمەندیی هونەرە، چونکە هیچ خوێندنەوەیەک وەک یەکتر نییە."

محەمەد عەلی ئاماژەی بەوەش دا، "هونەر بۆ من تەنیا پیشە نییە، بەڵکو شێوازی ژیانمە. باوەڕم وایە هونەر دەتوانێت ژیان رەنگین بکات، هیوای نوێ بخاتە دڵی مرۆڤ و واتایەکی جوانتر بە بوونمان ببەخشێت. هیوام وایە هەر کەسێک سەردانی ئەم پێشانگەیە دەکات، تەنیا تابلۆ نەبینێت، بەڵکو هەست بکات کە هەر کارێک بەشێکە لە ژیان، خەیاڵ و ناخی من، و لە هەمان کاتدا بتوانێت بەشێک لە خۆشی لەناو ئەو رەنگ و شێوانەدا بدۆزێتەوە."

پێشانگەی تایبەتیی محەمەد عەلی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تەمموزی 2026، لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

محەمەد عەلی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە. تا ئێستا سێیەم پێشانگەی تایبەتیی خۆی کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە.