دانە گاز ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە پلەبەندی بەرز دەکاتەوە
کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی رایگەیاند، پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و وەرگرتنی گەرەنتیی فەرمی و روون لە باڵاترین ئاستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، بڕیاریانداوە ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە وریایی و بە شێوازێکی پلەبەندی بەرز بکەنەوە.
دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز لە عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، تاوەکوو سبەی بەرهەمهێنانی گاز دەگەیەنینە بەرزترین ئاست؛ گوتیشی: گازی و شل و جۆرەکانی دیکەی گاز بەرهەم دەهێنن.
هەروەها کۆمپانیای دانە گاز راگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "دوای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی نوێی بارودۆخی ئەمنی و وەرگرتنی گەرەنتیی تەواو و دڵنیاکەرەوە لە باڵاترین ئاستی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، پڕۆسەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە وریایی و بە شێوازێکی پلەبەندی دەستپێدەکات."
کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، پشتگیریکردن و دابینکردنی گازی پێویستە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستیی کارەبای هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا.