سبەی لە 12 بەنزینخانەی هەولێر بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، دوای سەرکەوتنی پڕۆسەی تاقیکاریی دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە، لە سبەینێ سێشەممەوە پڕۆسەکە بۆ 12 بەنزینخانەی جیاوازی ناو شاری هەولێر فراوان دەکرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و سەرەی شۆفێران

دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی فەرمی ئاراستەی گشت هاووڵاتییان و شۆفێرانی سنووری پارێزگاکە دەکات، سەبارەت بە گۆڕانکاری لە سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی (750 دیناری) لە ناو شارەکەدا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بڕیاردراوە لە سبەینێ سێشەممە، رێکەوتی 28ـی تەممووزی 2026ەوە، بەنزینی 750 دیناری لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییەوە (کارتی گاز) لە 12 بەنزینخانەی جیاوازی هەولێردا دابەش بکرێت.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پڕۆسەکە ئەمڕۆ بە شێوازێکی سەرکەوتوو لە یەکێک لە بەنزینخانەکاندا تاقیکرایەوە و کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر کەمکردنەوەی سەرە و جەنجاڵی؛ بە جۆرێک تەنیا بە یەک تانکەری 36 هەزار لیتری، بەشە بەنزین بەسەر زیاتر لە 900 ئۆتۆمبێلدا دابەش کرا بێ ئەوەی قەرەباڵخی دروست ببێت.

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان داوا لە گشت هاووڵاتییان دەکات کە لە کاتی سەردانیکردنی ئەو بەنزینخانانە بۆ وەرگرتنی بەشە بەنزینەکەیان، کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی لەگەڵ خۆیان بهێنن، بە پێچەوانەوە ناتوانن بەشە سووتەمەنییەکەیان وەربگرن.