کەمال محەممەد: ئەمشەو گاز دەگاتە وێستگەکانی کارەبا

وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت رایدەگەیەنێت، کاتژمێر 12ـی ئەمشەو دابەشکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەستپێدەکاتەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. دەشڵێت، بڕیاری داشکاندنی قەرزی کارەبا لە 1ـی ئاب دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەمموزی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ـی کوردستان24، وردەکاریی پلانەکانی حکوومەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و کارەبا و چەند پرسێکی دارایی خستە ڕوو.

کەمال محەممەد رایگەیاند "ئەمشەو کاتژمێر 12 گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکرێت و بارودۆخی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، سبەی سێشەممەش بە تەواوی دۆخەکە دەگەڕێتەوە وەک پێشتر." ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیای (دانا گاز) کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاساییبوونەوەی گازی ماڵان و چارەسەرکردنی گرفتی کەمیی بەنزین.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت باسی لەوەش کرد کە پێشتر حکوومەتی عێراق بڕێک گازی ماڵانی بۆ هەرێم دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بە کارکەوتنەوەی دانا گاز دۆخەکە جێگیر دەبێت. گوتیشی "ئەو نەوتە خاوەی بەغدا بۆ هەرێمی دابین دەکات زۆر کەمە و چەندین جار داوامان کردووە پشکی هەرێم زیاد بکرێت."

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی بۆچی لیترێک بەنزینی پاڵپشتیکراو لە عێراق بە 450 دینارە و لە هەرێم بە 750 دینارە، کەمال محەممەد روونی کردەوە "بەغدا نەوتی خاوی خۆی بەکاردەهێنێت کە تێچووەکەی بۆ هەر بەرمیلێک تەنیا 5 هەزار و 900 دینارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەشێکی نەوتەکە هی کۆمپانیاکانە و تێچووی هەر بەرمیلێک 16 دۆلار (نزیکەی 24 هەزار دینار) لەسەر حکوومەت دەکەوێت."

وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان چەند ئامارێکی وردی خستە ڕوو:

لە هەرێمی کوردستان 2,790,303 ئۆتۆمبێل هەن، کە 1,960,188ـیان بە بەنزین کاردەکەن.
رۆژانە پێویستمان بە 6 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەڵام توانای ناوخۆ تەنیا 1,750,000 لیترە.
بۆ پاڵاوتن پێویستمان بە 126,700 بەرمیل نەوتی خاو هەیە، بەڵام بەغدا تەنیا 50,000 بەرمیل دابین دەکات.
بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە چەند کۆمپانیایەک کارەکانیان راگرتبوو، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان هەبوو.
رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی نرخ و دابەشکردن

کەمال محەممەد جەختی کردەوە کە لە گفتوگۆی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ بەغدا بۆ زیادکردنی پشکی بەنزین. هەروەها رایگەیاند "بڕیارمان داوە بڕی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری زیاد بکەین. سبەی سێشەممەش لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزاکان کۆدەبینەوە بۆ رێگری لە قۆرخکاری و بەرزکردنەوەی نرخ لەلایەن بازرگانانەوە." ئاشکراشی کرد کە بەنزینخانەکانی بەنزینی نۆرماڵ لەوانەی محسن و سوپەر دەفرۆشن جیا دەکرێنەوە.

پشکی پارێزگاکانیش لە بەنزینی حکوومی بەم شێوەیە دیاریکراوە:

هەولێر: 850 هەزار لیتر.
سلێمانی: 500 هەزار لیتر.
دهۆک: 400 هەزار لیتر.
داشکاندنی قەرزی کارەبا

سەبارەت بە بڕیاری داشکاندنی قەرزی کارەبا، وەزیری کارەبا رایگەیاند "تەنیا رێکارەکان ماون بڵاوبکرێنەوە و لە 1ـی ئابەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت." هۆشداریشی دا بە هاووڵاتییان کە ئێستا قەرزەکانیان نەدەنەوە، چونکە هەر کەسێک پێش 1ـی ئاب پارە بدات سوودمەند نابێت لە بڕیاری داشکاندنەکە.

کەمال محەممەد باسی لە بارگرانییە داراییەکان کرد و گوتی "خەرجیی مانگانەی کێڵگەی کۆرمۆر و گازی وێستگەکان 45 بۆ 50 ملیۆن دۆلارە، پارەی وەبەرهێنەرانیش لە نێوان 105 بۆ 155 ملیۆن دۆلاردایە، لە کاتێکدا مانگ هەبووە کە کۆی داهاتمان نەگەیشتووەتە 70 ملیار دینار."