وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئەمریکای راگەیاند
وەزیری تەندروستی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی 12 رۆژی رابردووی لە ناوچە باشوورییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و ستایشی کارەکانی تیمی تەندروستی نیشتمانی کرد.
دکتۆر زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی رایگەیاند: "لە ماوەی 12 رۆژی رابردووی پێکدادانەکان و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر ناوچە باشوورییەکانی وڵات، نزیکەی 670 کەس بریندار بوون و 60 هاووڵاتی دیکەش گیانیان لە دەستداوە." هەروەها سوپاسی جێگرانی وەزیر و بەڕێوەبەرانی وەزارەتەکەی کرد، لە ژێر بارودۆخی جەنگدا سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە بۆ چاودێریکردنی دۆخی تەندروستی.
زەفەرقەندی تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرمان لە رێکخستنی چالاکی شەوی زانست و جەختی کردەوە، پێویستە زانکۆکان کارلێکی زیاتریان لەگەڵ کۆمەڵگە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و خۆپارێزی، کلیلی بنبڕکردنی زۆرێک لە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجەیە. داواشی کرد خولەکانی فریاگوزاری سەرەتایی (وەک بوژاندنەوەی دڵ و سییەکان) بە هاوکاریی رێکخراوە ناحکوومییەکان لە ناو کۆمەڵگەدا فراوانتر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی ستایشی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنەی کرد بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پسپۆڕییەکان لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان.
هاوکات، زەفەرقەندی بە توندی سەرکۆنەی بۆردومانکردنی قوتابخانەی شەجەرەی تەیبەی لە ناوچەی میناب کرد و رایگەیاند، ئەم کارەی ئیسرائیل و ئەمریکا تاوانێکی گەورەیە دژ بە مرۆڤایەتی و منداڵان. جەختیشی کردەوە، دەبێت پلانی تایبەت دابنرێت بۆ باشترکردنی باری دەروونی منداڵانی میناب و تەواوی وڵات، و پێویستە دەنگی مەزڵومییەتی منداڵانی میناب بگەیەنرێتە ئاستی نێودەوڵەتی.