بەرپرسێکی پێنتاگۆن: لە بەرهەمهێنانی درۆندا لەدواوەی رکابەرەکانمانین

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمریکا هێشتا بە رێژەیەکی بەرچاو لە دواوەی رکابەرەکانیەتی لە بواری بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفرۆکەواندا 'درۆن'.

لەوبارەوە، ترافیس ميتز، بەرپرسی بەرنامەی سیستەمە سەربەخۆ و درۆنەکان لە پێنتاگۆن، بە ئاژانسەکەی گوتووە، واشنتن هێشتا لە هەنگاوە سەرەتایی و پڕ لە ئاستەنگەکانی ئەم رێگەیەدایە.

ترافیس ميتز گوتیشی: سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەیەک کە بڕەکەی لە یەک ملیار دۆلار زیاترە، بەڵام پێشبینی دەکرێت قەبارەی بەرهەمهێنان تا مانگی شوباتی ساڵی 2027 نەگاتە زیاتر لە 200 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

هەروەها لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردوودا، پلانێکی پێنتاگۆن ئاشکرا کرا، کە ئامانجیەتیی تا ساڵی 2027، چەندین هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبرێژکراو دروست بکات، کەچی بە گوتەی بەرپرسانی ئێستا، جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە رووبەڕووی بەربەست و دواکەوتن بووەتەوە.