ئۆکرانیا بە زیاتر لە 390 درۆن هێرشیکردە سەر مۆسکۆ

سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو پایتەختی رووسیا رووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان بووەتەوە و بە زیاتر لە 390 درۆن هێرش کراوەتە سەر ناوچەکە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، "زیاتر لە 390 درۆن ئاراستەی ناوچەی مۆسکۆ کراون"، ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەیان پێش ئەوەی بگەنە ناو جەرگەی شارەکە تێکشکێنراون، بەڵام 81 لەو درۆنانە لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە ئاسمانی مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە.

لای خۆشیەوە، ئەندرێ فۆڕۆبیۆڤ، پارێزگاری مۆسکۆ رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و چەند ماڵێک کەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی کەوتنەوەی قوربانیی گیانی بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم هێرشە چەند کاتژمێرێک پێش گەیشتنی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینایە بۆ کۆشکی سپی، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بە مەبەستی گفتوگۆ و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی زیاتری ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی رووسیا.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگەکانی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا پاشەکشەیان کردووبوو بەتایبەت دوای ئەوەی سەرنجی واشنتن زیاتر چووەتە سەر شەڕەکەی لەگەڵ ئێران.