ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەشتە ئاسمانییەکانی پەکخستووە

بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی سستی بووەتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کاریگەرییەکی زۆریان بەرکەوتووە و بەشێکیان هەڵوەشێندراونەتەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر هەندێک ناوچەی ئێران و لە بەرامبەریشدا بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە لەلایەن ئێرانەوە، ترس و دڵەڕاوکێی لای کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دروست کردووە. ئەم دۆخە ناهەموارە راستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر جووڵەی گەشتیاری و بووەتە هۆی سستبوونی کاری نووسینگە و کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار.

هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی یەکێتی سەندیکاکانی فڕۆکەوانی و نووسینگەکانی گەشتیاری، بەشێکی زۆر لەو هێڵە ئاسمانییانەی گەشتیان بۆ تورکیا هەبووە، تاوەکو رێکەوتی 1ـی ئاب گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە  لە پارێزگای سلێمانییەوە سێ هێڵی جیاوازی ئاسمانی گەشت بۆ تورکیا ئەنجام دەدەن.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی (جەلال تاڵەبانی) بۆ ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیەن؛ هێڵی ئاسمانی ئیستانبوڵ ئەی جێت (AJet): گەشتەکەی کاتژمێر 3:05ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بەتەواوی هەڵوەشاندووەتەوە. هێڵی ئاسمانی قەتەڕ: ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە گەشتەکانی راگرتووە و لە دانوستاندایە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەشتەکانی بۆ هەولێر و سلێمانی. هێڵی ئاسمانی رۆیاڵ ئوردن: دوای چەند رۆژێک لە راگرتنی گەشتەکانی، لە دوێنێوە گەشتەکانی ئاسایی کردووەتەوە. هەروەها هێڵی ئاسمانی فڵای دوبەی: گەشتێکی بۆ کاتژمێر 2:10ـی پاشنیوەڕۆ هەیە، بەڵام ئەنجامدانی گەشتەکە بەستراوەتەوە بە سەقامگیری دۆخەکەوە.

ئەم پەککەوتنەی گەشتە ئاسمانییانە، جگە لە زیانە داراییەکان بۆ کۆمپانیاکان، کێشەی گەورەشی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست کردووە کە مامەڵەی گەشتکردنیان ئەنجامداوە و ئێستا لە چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەدان.