عەلی زەیدی نەخشەرێگای پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ئاشکرا دەکات
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا کە هاوکات لەگەڵ سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە بڵاوکراوەتەوە، نەخشەڕێگای پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەی خستەڕوو و رایگەیاند، پێویستە هەردوو وڵات سوود لە پێگەی جوگرافیی خۆیان وەربگرن بۆ گۆڕینی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان بۆ دەرفەتی گەشەپێدان.
لە وتارەکەی عەلی زەیدی کە ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە و تێێدا هاتووە، ئەو عێراقەی کە ئەمڕۆ بەرەو تورکیا هەنگاو دەنێت، جیاوازە لە عێراقی ساڵانی رابردوو؛ بەڵکو وڵاتێکە رێگای سەقامگیری، چاکسازی و گەشەپێدانی هەڵبژاردووە و کار لەسەر بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز، دەوڵەتێکی کارا و پەیوەندیی دەرەکیی هاوسەنگ دەکات تاوەکو هاوکارییە هەرێمییەکان بکاتە بنەمای گەشەکردن.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، تورکیا خاوەنی ژێرخانێکی بەهێز و پیشەسازییەکی پێشکەوتووە لە بوارەکانی وزە و گواستنەوەدا، ئەمەش زەمینەیەکی گونجاو بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ئابووریی گەورە لە ناوچەکەدا دەڕەخسێنێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردووەتەوە، لە کاتی داڕشتنەوەی نەخشەی بازرگانیی جیهانیدا، عێراق و تورکیا دەرفەتێکی مێژووییان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ببنە بەستەرێک لە نێوان کەنداو، ئاسیا و ئەوروپادا، لەم چوارچێوەیەشدا، پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" تەنیا پڕۆژەیەکی عێراقی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەرێمییە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی شاری نوێ، ناوچەی پیشەسازی، دەرفەتی وەبەرهێنان و هەزاران هەلی کار و بەستنەوەی بەندەرەکان بە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
پەیوەست بە دۆسیەی ئەمنی، جەخت لەوە کراوەتەوە، گەشەپێدان بەبێ ئاسایش بەدی نایەت، ئەمەش پێویستی بە هاوکاریی نزیک هەیە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی یەکتر و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو، هەروەها لە بارەی کێشەی ئاوەوە، سەرۆکوەزیران داوای بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئەم دۆسیەیەی کردووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، هاوکاریی زانستی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک.
لە کۆتایی وتارەکەدا هاتووە، سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ململانێ و رکابەری بەدی نایەت، بەڵکو لە رێگەی پڕۆژە هاوبەشەکان و تەواوکاریی ئابووریی نێوان وڵاتانی دراوسێوە دروست دەبێت، کە عێراق و تورکیا دەتوانن نموونەیەکی سەرکەوتوو لەم بوارەدا پێشکەش بە ناوچەکە بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی لەگەڵ شاندێکی باڵا کە دوو ئەندامی کوردیشی تێدایە سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ بکەن.