هاوکاریی دارایی رزگاربووانی ئێزیدی دابەش دەکرێت
دابەشکردنی هاوکاریی دارایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەر رزگاربووانی دەستی داعش بۆ هەردوو مانگی پێنج و شەش دەستیپێکرد.
ئازاد موراد، سەرۆکی لقی شێخانی بنکەی لالش بە دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکاریی دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەر رزگاربووانی دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش) دەستیپێکرد.
پڕۆسەکە لە شارۆچکەی شێخانەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەکانی شاریا و خانکێ و کەمپەکانیش بگرێتەوە.
سەرۆکی لقی شێخانی بنکەی لالش گوتی، بڕی هاوکارییەکە بۆ هەر کەسێک 150 هەزار دینارە و بە شێوەی تاکەکەسی دەدرێت، بەبێ گوێدانە تەمەن و رەگەزی رزگاربووەکان.
روونیشی کردەوە، ئەگەر خێزانێک چەند رزگاربوویەکی تێدابێت، هەریەکەیان بە جیا بڕی 150 هەزار دینارەکەیان پێدەدرێت. بە کۆی گشتی زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەس لەم بڕیارە سوودمەند دەبن.
هەروەها باسی لەوەش کرد، پاڵپشتییەکانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە رووی داراییەوە نییە، بەڵکوو هاوکاریی دەروونی بۆ رزگاربووان دابین دەکرێت. هەر رزگاربوویەک ئارەزووی خوێندنی هەبێت تا قۆناخی زانکۆ، سەرجەم تێچووەکانی لە ئەستۆی حکوومەت دەبێت.
بە گوتەی ئازاد موراد، هەر رزگاربوویەکی دەستی داعش تاوەکوو ئێستا ناوی تۆمار نەکراوە، دەتوانێت لە رێگەی لینکێکی تایبەتەوە ناوی خۆی تۆمار بکات، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی وڵاتیش بێت لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆ ئەوەی لەم مافە بێبەش نەبێت.
لە ساڵی رابردووەوە بە بڕیار و چاودێریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی پاڵپشتیی دارایی و دەروونی بۆ رزگاربووانی ئێزیدی لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش راگەیەنرا. هاوکات لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاسانکاریی تەواویان بۆ رزگاربووان کردووە تاوەکوو بگەڕێنەوە نێو پڕۆسەی خوێندن، لەوانەش لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن و هەڵگرتنی مەرجی تەمەن.
ئەم هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی رزگاربووان و هاوکاریکردنیانە بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ.