12 بەنزینخانە بە كارتی ئەلیكترۆنی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی نەوت و كانزاكانی هەولێر بڕیاری دا ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی، بە كارتی ئەلیكترۆنی سووتەمەنی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن، بۆ 12 بەنزینخانە زیاد بكات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری كوردستان24: "دابەشكردنی بەنزین بە كارتی ئەلیكترۆنی كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر كەمكردنەوەی نۆرەگرتنی شوفێران و رێکخستنی پڕۆسەکە هەبووە، هەر بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاریان دا ژمارەی ئەو وێستگانەی بەم سیستمە كاردەكەن زیاد بكەن."

بەگوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی نەوت و كانزاكان، ئه‌مڕۆ لە 12 بەنزینخانەی جیاواز، بەنزینی 750 دیناریی پاڵپشتیكراو تەنیا بەو شوفێرانە دەدرێت كە كارتی سووتەمەنیان پێیە. لەم چوارچێوەیەدا، داوا لە سەرجەم شوفێران دەكرێت لە کاتی سەردانیان بۆ وێستگەکان، كارتی ئەلیكترۆنی لەگەڵ خۆیاندا بێنن.

سەبارەت بە کاریگەریی ئەم سیستمە نوێیە، پەیامنێری كوردستان24 ئاماژەی بەوە كرد، دوێنێ لە یەکەم وێستگەدا تاقیكردنەوەیەكی سەركەوتوو ئەنجامدرا؛ تێیدا تەنیا بە یەك تانكەری 36 هەزار لیتری، توانرا بەنزین بەسەر 900 ئۆتۆمبێلدا دابەش بكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە پشێوییەک یان بەهەدەردانێک لە سووتەمەنییەکەدا رووبدات.

لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر 21 بەنزینخانەی حکوومی هەن و 4 بەنزینخانەی دیكەش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن. کۆی گشتیی ئەم 25 بەنزینخانەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێرەوە سووتەمەنییان بۆ دابین دەكرێت.

ئێستا پڕۆسەکە لەژێر چاودێری وردی تیمەکاندایە بۆ ئەوەی دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان و دڵنیابوونەوە لە نەبوونی كێشە و گرفت، پڕۆسەی دابەشکردن بە کارت بۆ وێستگەكانی دیكەش فراوانتر بكرێت.