میران عەلی نوێترین کلیپی خۆی بەناوی "جوانی کوردان" بڵاوکردەوە

میران عەلی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "جوانی کوردان"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەم بەرهەمە بۆ من کارێکی زۆر تایبەتە، چونکە گۆرانییەکی شادییە و وزەیەکی پڕ لە خۆشی و شادی دەبەخشێتە گوێگران."

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تەمموزی 2026، میران عەلی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە نوێیەم لە تێکست و ئاوازی وەلید جافە،  ​تێکستی بادینی لەلایەن بوڕهان زێباری ئامادە کراوە، ئارام سەردار کاری دابەشکردنی موزیکەکەی بۆ کردووە و لەلایەن بەختیار موحسین کاری دەرهێنان بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کراوە."

گوتیشی، "ئەم بەرهەمە بۆ من کارێکی زۆر تایبەتە، چونکە گۆرانییەکی  شادە و وزەیەکی پڕ لە خۆشی و شادی دەبەخشێتە گوێگران. ئامانجم ئەوە بوو بە ئاوازێکی شاد رێز لە جوانییەکانی کولتوور و رەسەنایەتیمان بگرم و هەناسەیەکی روحسووک بخەمە ناو هەموو ماڵێکەوە."

 میران عەلی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1992 لە شاری سلێمانیی لەدایکبووە. ماوەیەکی زۆرە دەستی بەکاری هونەری کردووە و چەندین بەرهەمی هەیە و خاوەنی هەواداری تایبەت بەخۆیەتی.