پاوڵۆ مالدینی: ئەمڕۆ رۆژێکی ترسناک و دڵتەزێنە بۆ ئیتاڵیا
هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی ئاندریا پیرلۆ بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵی لێکەوتووە، لە یەکەمین کاردانەوەدا پاۆڵۆ مالدینی و لیۆناردۆ وازیان لە پۆستی بەڕێوەبەر و راوێژاکاری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هێنا و هێرشێکی گەورەشیان کرد سەر بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا.
پاوڵۆ مالدینی، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی ئەیسی میلان، دوای تەنیا مانگێک لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا راگەیاند.
دەقی قسەکانی پاوڵۆ مالدینی:
ئاستی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە دابەزینێکی ترسناک دایە، هەموو ئەمانەش بەهۆی بەرپرسانی تۆپی پێیە ئیتاڵیایە، کاتێک من و لیۆناردۆ وەکو بەڕێوەبەر و راوێژکاری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەستنیشان کراین، 3 کەسمان بۆ راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەربژێر کرد، پێپ گواردیۆلا بەربژێری یەکەمی ئێمە بوو، ئەندریا پیرلۆ سێیەم بژاردەی ئێمە بوو.
لەگەڵ پیپ دانوستاندنێکی باشمان کرد و گەیشتینە ڕێککەوتن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەمان لە ڕێککەوتنەکە ئاگادارکردەوە، ئەوانیش یەکسەر رەتییان کردەوە و گوتیان توانای دابینکردنی پارەی گواردیۆلامان نییە، گوتیان بژاردەیەکی هەرزانتر بدۆزنەوە.
پاشان لەگەڵ ئەندریا پیرلۆ گەیشتینە ڕێککەوتن، کە پێمان وابوو بژاردەیەکی باش دەبوو بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندی ئیتاڵیا، دیسان فیدراسیۆنەکە کێشەی دروست کرد، پەیوەندییەکەی نێوان پیرلۆ و کۆمپانیایەکی ڕووسی وەک بیانوویەک بەکارهێنا و گوتیان ئێمە کەسێکمان ناوێت لەگەڵ رووسەکان پەیوەندی هەبێت و شکستیان بەم رێککەوتنەش هێنا.
دەمەوێت لێرەوە هەموو لایەک ئاگادار بکەمەوە کە ئەمڕۆ ڕۆژێکی دڵتەزێنە بۆ تۆپی پێی ئیتاڵیا، چونکە زۆر ترسناکتر لە جاران ئاستی تۆپی پێی وڵاتەکەمان دابەزیوە، هەموو ئەمانەش بۆ نەزانین و ناکارامەیی فیدراسیۆنەکە دەگەڕێتەوە.
ئەوە ڕاستییەکەیە تاوەکو مالاگۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بێت دڵنیابن رۆژ بە رۆژ تۆپی پێی ئیتاڵیا بەرەو دابەزین دەچێت. من و لیۆناردۆ بە هەموو توانامانەوە هەوڵمان دا شکۆی ئیتاڵیا بگەڕێنینەوە، بەڵام باوەڕم پێ بکەن ناتوانین جارێکی تر ئیتاڵیا لەم هەرەسهێنانە ڕزگارمان بکەین.