بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 رێختەر ژاپۆنی هەژاند

بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلەی رێختەرەوە مۆڵێکی گەورە لە باشووری رۆژئاوای ژاپۆن بەسەر کڕیارەکانیدا رووخا و تیمەکانی فریاگوزاریش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای رزگاربوواندا.

رۆژی سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، بەرپرسانی ژاپۆن رایانگەیاند، بەهۆی رووخانی کۆمەڵگەی بازرگانیی "ئیۆن مۆڵ" لە ویلایەتی کومامۆتۆ، مەترسیی کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەکرێت، بەڵام ئاماژە بەوە دەدەن کە دیاریکردنی ژمارەی تەواوی قوربانییەکان کاتی دەوێت، چونکە تیمەکانی رزگارکردن لە بارودۆخێکی سەختدا لە ناو داروپەردوو و پارچە کۆنکرێتەکاندا بەدوای بێسەروشوێناندا دەگەڕێن.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی (TBS)ی ژاپۆنی، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کومامۆتۆ رایگەیاندووە، لێکۆڵەران پێیان وایە وێرانبوونی مۆڵەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک کە رۆژی سێشەممە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا لە ناو باڵەخانەکەدا بوون، بەڵام جەختیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا ئاماری فەرمیی قوربانییەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە.

مۆڵە بازرگانییەکە بەهۆی بەهێزیی بوومەلەرزەکەوە تووشی هەرەسێکی گەورە بووە و راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێش رووخانی بەشێک لە نهۆمی دووەمی مۆڵەکە، تەقینەوەیەک لە ناو باڵەخانەکەدا روویداوە.

ئاژانسی بەڕێوەبردنی ئاگرکوژێنەوە و کارەساتەکانی ژاپۆن رایگەیاند، لە کاتی رووداوەکەدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە ناو مۆڵەکەدا بوون، ئەمەش وایکردووە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و یەکە تایبەتەکانی رزگارکردن ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دەستپێبکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، بوومەلەرزەکە لە چەندین ناوچەی دیکەی ویلایەتی کومامۆتۆ بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زیانگەیاندن بە ژێرخانی پەیوەندییەکان، ئەمەش کۆسپ و تەگەرەی بۆ کارەکانی فریاگوزاری دروستکردووە.

حکومەتی ژاپۆن بەرزترین ئاستی هۆشداریی لە جۆری "ئاستی 5"ی راگەیاندووە، کە مەترسیدارترین ئاستی هۆشدارییە لە سیستەمی کارەساتەکانی ئەو وڵاتەدا. فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلە بۆ سەدان هەزار کەس لە ویلایەتەکانی کومامۆتۆ، ناگاساکی و فۆکۆئۆکا دەرکراوە بۆ ئەوەی لەو ناوچانە دووربکەونەوە کە مەترسییان لەسەرە.