سێنتکۆم و ئیمارات یەکەمین یەکەی سەربازیی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد پێکدەهێنن

سێنتکۆم رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیماراتدا واژۆکرد بۆ پێکهێنانی یەکەمین یەکەی هاوبەشی سەربازیی تایبەت بە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد (AI) لە ناوچەکەدا، بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی هەستیار و چاودێریکردنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو راگەیاند، بە مەبەستی بنیاتنانی یەکەمین یەکەی سەربازیی دووقۆڵی تایبەت بە خێراکردنی پەرەپێدانی سیستم و کەرەستەکانی ژیریی دەستکرد (AI) بۆ مەبەستی سەربازی و ئەمنی.

ئەم هێزە هاوبەشە کە ناوی "Talon Synapse" (سەکۆی تالۆن)ی لێنراوە، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی لە شاری ئەبو زەبی دەستبەکاربێت. تیمەکە لە نزیکەی 20 پسپۆڕ و کارمەندی ئەمریکی و ئیماراتی پێکدێت کە خاوەن ئەزموونی پێشکەوتوون لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد، داتا، و ئاسایشی سایبەریدا.

براد کوپەر، فەرماندەی گشتیی سێنتکۆم لەم بارەیەوە رایگەیاند: "ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگ دەبێت لە کارکردنمان لەگەڵ یەکێک لە بەهێزترین هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان بۆ گەیاندنی خێرای تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد بە سەربازەکانمان. ئێمە و هاوبەشە ئیماراتییەکانمان پابەندبوونی خۆمان بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بە ئاراستەی داهێنانی خێرا و گەورە بەرفراوان دەکەین."

بیرۆکەی پێکهێنانی ئەم یەکە سەربازییە لە ساڵی رابردووەوە لە نێوان کووپەر و شێخ تەحنوون بن زاید ئال نەهیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیماراتدا تاوتوێ کراوە، و تیمی سێنتکۆم لە مانگی رابردوودا لە میانەی گەشتێکدا بۆ ناوچەکە، لەگەڵ سەرکردەکانی پیشەسازیی ژیریی دەستکرد و بەرپرسانی بەرگریی ئیمارات کۆببوونەوە.

سەرنجی سەرەکیی ئەم یەکە نوێیە لەسەر جێگیرکردنی سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد دەبێت بۆ پاڵپشتیی هەواڵگری، پاراستنی ژێرخانی هەستیاری وەک داتاسەنتەرەکان و چاودێریکردنی وردی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.