رۆیتەرز: عومان پێشنیازێکی نوێ بۆ کێشەی گەرووی هورمز دەخاتە بەردەم ئەمریکا و ئێران
عومان بە هاوکاری و پاڵپشتیی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی تاران و واشنتن کردووە کە رێگە بە ئێران دەدات تێچووی ئارەزوومەندانە لەو کەشتیانە وەربگرێت کە بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی راگرتنی بۆردوومانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بە پڕۆسەی دیپلۆماسی.
سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی کەنداو و دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی بڵاوی کردووەتەوە، عومان توانیویەتی پاڵپشتیی وڵاتانی کەنداو بەدەستبهێنێت بۆ پڕۆژەیەک کە رێگە بە ئێران دەدات تێچووی ئارەزوومەندانە لەو کەشتییە بازرگانییانە وەربگرێت کە بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.
ئەم پێشنیازەی عومان هاوشێوەی ئەو سیستەمەیە کە لە گەرووی مەلاکا لە ئاسیا لە لایەن ئەندۆنیسیا، مالیزیا، و سینگاپوورەوە جێبەجێ دەکرێت، کە تێیدا تێچووی ئارەزوومەندانە لە کەشتییەکان وەردەگیرێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی چاکسازیی کەشتیوانی، پاراستنی ژینگە و پڕۆسەکانی فریاگوزاری. بەپێی سەرچاوەکان، ئێران هێشتا وەڵامی فەرمیی ئەم پێشنیازەی عومانی نەداوەتەوە.
ئەکسیۆس باسی لەوە کردووە، ئەم هەوڵە نوێیەی نێوەندگیری لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە "گفتوگۆی باش" لەگەڵ تاران بەڕێوەدەچێت، بەڵام هاوکات هۆشداری دا ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، ئەوا بۆردومانە سەربازییەکان دەستپێدەکەنەوە.
ترەمپ رایگەیاندبوو، پێویستە ژیانی 91 ملیۆن هاووڵاتیی ئێرانی لەبەرچاو بگیرێت کە پێدەچێت بێ کارەبا و پرد بمێننەوە، بەڵام جەختی کردەوە ئەگەر ئێران رێککەوتن نەکات، زۆر بە ئاسانی مۆڵگەی نوێی ئەتۆمی لە ژێر "کێوی پیکاکس" تێکدەشکێنن.
لەلایەکی دیکەوە، قەرارگەی خاتەمولئەنبیا پێشنیازەکەی ترەمپی رەتکردەوە بۆ پێدانی قەرەبووی زیانی کەشتییەکان لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە ئەمریکا، و هۆشداری دا کە رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەکی ئەو وڵات و کۆمپانیایانە نادەن بە ناو گەرووی هورمزدا کە ئەم جۆرە هاوکاری و قەرەبووانە قبووڵ بکەن
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، کە تێیدا ناتانیاهۆ پێشتر هاندەری دەستپێکردنی ئەم جەنگە بووە بەڵام دواتر لە لایەن ترەمپەوە ناچار کرا هێرشەکانی دژی حزبوڵڵا لە لوبنان رابگرێت تا کێشە بۆ پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ تاران دروست نەبێت. راگرتنی کاتیی هێرشەکانی ئەمریکاش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و بەهای نەوتی برێنت بۆ خوار 86 دۆلار دابەزیوە.