قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا

گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا و ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی بەنیازن لە پارە بلۆکەکراوەکانی تاران، قەرەبووی زیانی کەشتییەکانیان بکەنەوە و رایدەگەیەنێت، "ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بە گەرووی هورمزدا دەکەین".

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەمموزی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دوای زنجیرەیەک "کردەوەی دەستدرێژیکارانە" بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، بڕیاری داوە زیانی ئەو کەشتییانەی لە کاتی جەنگەکاندا زیانیان بەرکەوتووە، لە رێگەی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێرانەوە قەرەبوو بکاتەوە.

زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد، تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە و تێپەڕینی کەشتییەکان لە رێڕەوە نایاساییەکانی باشووری گەرووی هورمز، بەهۆی "سەرپێچییەکانی سوپای ئەمریکا"وە بووە، نەک ئێران.

گوتەبێژەکەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی توندی دایە دۆناڵد ترەمپ و وڵاتانی دیکە و گوتی "هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی پێشوازی لەم پێشنیازەی ترەمپ دەکەن و پەنا بۆ بەکارهێنانی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران دەبەن، لەمەودوا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێگا بە هیچکام لە کەشتییەکانیان نادەن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن."

ئەم هەرەشەیەی تاران لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی سزاکان و ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداو پێ ناوەتە قۆناخێکی نوێوە و تاران گەرووی هورمز وەک کارتی گوشار دژی وڵاتانی نەیاری بەکاردەهێنێت.